شۆرش حاجی داوا لەعەبادی دەکات دەست بەسەر ماڵوموڵکی بەرپرسانی هەرێمدا بگرن

ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێک ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و داوا دەکات دەست بەسەر ماڵوموڵکی بەرپرسانی هەرێمدا بگرن  و خەڵکی کوردستان سزا مەدەن.

لە پەیامێکدا بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناونیشانی " دەتوانی قەرزەکانی سەر هەرێم بدەیتەوە بە بێ سزادانی خەڵک!" بڵاویکردۆتەوە، شۆڕش حاجی دەڵێت " بە پێی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستدان‌ و لە ئەنجامی سیاسەتی شکستخواردوی نەوتیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم نزیکەی چواردە ملیار دۆلار قەرزاری تورکیاو کۆمپانیاکانی ترافیگوراو ڤیتۆڵ‌و رۆزنەفت‌و جەنەڕاڵ ئینێرجی‌و دانا غازو تی ئی سی‌و گلێنکۆر‌و گی کەی پی‌و کۆمپانیای تری وەبەرهێنان‌و خەڵکی کوردستانە. ئەو گرێبەست‌و قەرزانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم کردویانە بەبێ ئاگاداری‌و رەزامەندی خەڵک‌و پەرلەمانی کوردستان‌و دامەزراوە شەرعییەکانی تری هەرێمی کوردستان بوە".

هەروەها ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن دەڵێت "ئێستا خاوەن قەرزەکان داوای مافی خۆیان‌ و وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان دەکەن. بەڵام ناکرێ‌و نابێ ئەو قەرزانە لە پشکی هەرێم لە بودجەی عیراق بدرێنەوەو، بە چارەگە موچەو راگرتنی پرۆژەکان‌و نەدانەوەی قەرزی هاوڵاتیان سزای خەڵکی کوردستان بدرێت".

شۆڕش حاجی بۆ بەرگرتن لە ئازاردانی خەڵکی کوردستان پێشنیار بۆ عەبادی دەکات و دەڵێت " بۆیە باشترین رێگا بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە ئەوەیە، کە ئێوە لە حکومەتی عیراق بە هاوکاری کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەست بەسەر هەمو موڵک‌و سامانی ئەو بەرپرسە باڵایانەی هەرێم دابگرن – لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات - کە بە سودوەرگرتن لە دەسەڵات سامانی وڵات‌ و قوتی خەڵکیان بۆ خۆیان‌ و کەسوکاریان دزیوە". 



PM:07:04:22/11/2017