قادر حاجی عەلی: کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان‌و یەکێتی گەورەترین سووکایەتی بوو بە دەنگدەرانی گۆڕان

هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان لە نامەیەکدا بۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لەسەر کۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی، دەڵێت" ئەو کۆبوونەوەیە گەورەترین سووکایەتی بوو بە هەموو هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی گۆڕان".

لەو نامەیەدا کە نهێنیەو رۆژی ٢٢ ی تشرینی دووەم بۆ خانەی راپەڕاندن جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی نووسراوەو کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە قادری حاجی عەلی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئاساییە گۆڕان لەگەڵ یەکێتی و هەر حیزبێکی تردا کۆبێتەوە، بەلآم" نەک لەژێر ناونیشانی ( سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان )، چونکە یەکێتی ئامادە نییە رێز لە ئیمزای خۆی و ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بگرێت و ئامادە نەبێت یەک خاڵ لە رێککەوتنی نێوانمان جێبەجێ بکات، ئامادەش نەبێت رێککەوتنی پێشتر بۆ دەستاودەستکردنی زۆربەی پۆستەکانی گۆڕان لە سنوری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ بکات، بەلآم لەهەمان کاتدا ئامادە دەبێت بۆ جێبەجێکردنی مەرامەکانی پارتی هەموو رێککەوتنێکیان لەگەڵدا بکات".

قادری حاجی عەلی لە درێژەی نامەیەکدا دەڵێت " چیتر ئامادە نیم بەرگری لەو هەنگاوە هەڵەکانتان بکەم کە سووکایەتییە بەبزووتنەوەی گۆڕان کە سوریش بزانم جگە لە جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی ناو یەکێتی هیچی تر نییە".

هەورەها دەڵێت" دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە سەرجەم کۆبوونەوەکانی تریشتان لەگەڵ پارتیدا مایەی نیگەرانی هەمووانە، کە بەبێ بەرنامەو بێ ئەنجامن، کە پارتی زیرەکانە راتاندەکێشێ بۆ هێورکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و رووسپی کردنەوەی خۆیان".
دەقی نامەکە
 

  



PM:06:50:28/11/2017