وەزیری‌ كشتوكاڵ: بەغدا موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ بەنداوەكان دەنێردرێت

وەزیری‌ كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ حكومەتی‌ هەرێمیش ئاشكرایدەكات، هەفتەی‌ داهاتوو موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتیی بەنداوەكان لەعیراقەوە ڕەوانە دەكرێت.

لە كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا، عەبدولستار مەجید، وەزیری‌ كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ هەرێم ئاشكرایكرد، بەغدا ڕەزامەندی‌ نیشانداوە لەسەر خەرجكردنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ بەنداوەكانی‌ هەرێم و هەفتەی داهاتوو لە بەغداوە موچەی ئەو فەرمانبەرانە دەنێردرێت.

وتیشی "دوو ساڵ پێش ئێستا ئەوان لەگەڵ عیراق قسەیانكردوە و داوایانكردوە موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتیی بەنداوەكانی‌ هەرێم لەئەستۆ بگرن بەو پێیەی‌ بەنداو پرسێكی‌ سیادیە و سەر بەعیراقە".

ڕوونیشیكردەوە‌ "ئەوكات عیراق لەبەرامبەر ئەو داواكاریەدا دوو مەرجیان لەسەرمان هەبوو، یەكەمیان داوایانكرد ئێمە میلاكی‌ ئەو فەرمانبەرانە بگوازینەوە بۆسەر عیراق و دوەمیش ئەوان ڕەزامەند بون تەنها بۆ فەرمانبەرانی‌ بەنداوەكانی‌ دوكان و دەربەندیخان".

عەبدولستار مەجید ڕاگەیاند "ئێمە هەردوو داواكاریەكەی‌ عیراقمان ڕەتكردەوە و وتمان بۆ یەكەمیان تەنها لیستی‌ فەرمانبەرانتان بۆ ڕەوانە دەكەین و بۆ دوەمیش داوامانكرد تەواوی‌ فەرمانبەرانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ بەنداوەكانی‌ هەرێم موچەیان پێبدرێت".

ئەوەشی‌ ئاشكراكرد، "لەئێستادا عیراق ڕازیبوە كە موچەی‌ تەواوی‌ فەرمانبەرانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ بەنداوەكانی‌ هەرێم بخرێتە سەر عیراق و بڕیاریشوایە كۆتایی هەفتەی‌ داهاتوو موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ بەنداوەكانی‌ هەرێم لەبەغداوە ڕەوانە بكرێت".



PM:02:04:29/11/2017