دوایین زانیاری لەبارەی دەستکاریکردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە

ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە بتوانن دەستكاری ئەو پرۆژەی بودجە بكەن و دەشڵێت لە بودجەدا وەک پارێزگا مەمەڵە لەگەڵ هەرێم نەکراوە.

عەبدولقادر محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە"كوردسات نیوز"ی راگەیاندووە ئەستەمە بتوانن دەستكاری ئەو پرۆژەیە بكەن و بەدڵنیاییەوە وەك ئەوەی حكومەت ناردوویەتی بەھەمان شێوەیە پەسەند دەكرێت چونكە "ئەگەر لەحاڵەتێكدا بتوانن پەرلەمانتارانی عەرەبیش رازی بكەن بەدەستكاریكردنی پرۆژە یاسای بودجە لەبەرژەوەندی ھەرێمی كوردستان كەئەمەش زۆر ئەستەمە، عەبادی رازی نابێت و ھەمواری دەكاتەوە یان لەدادگای فیدراڵی تانەی لێدەدات و ھەڵیدەوەشێنێتەوە".

وتیشی "لەبەرامبەردا كورد ناتوانێت لەدادگای فیدراڵی تانەی لێ بدات. وتیشی، لەپرۆژە یاساكەدا وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ھەڵەبجە نەكراوەو دەبێت لەو بودجەی بۆ پارێزگای سلێمانی دیاریكراوە، بەشی ھەڵەبجەشی لێبدرێت، چونكە حكومەتی عێراق وەك قەزایەكی سەر بەپارێزگای سلێمانی مامەڵەی لەگەڵ ھەڵەبجە كردووە".

سەبارەت بەو پارەیەش كە لەمووچەی ھێزە وشكانییەكانی سوپای عێراق دەدرێت بەپێشمەرگە، عەبدولقادر محەمەد وتی، بڕی ئەو پارەیە دەگاتە نزیكەی ٣٦ ملیار دینار بۆ ساڵێك كەئەمەش بڕێكی زۆر كەمەو بەشی ھێزی پێشمەرگە ناكات.

بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەدانیشتنێكی نائاساییدا خویندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی (٢٠١٨) بكات.

دوێنێش ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی (٢٠١٨) كەحكومەتی عێراق رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردوە، پشكی ھەرێم لەسەر بنەمای دانیشتوان دیاریكراوەو كۆی گشتی پشكەكەی ھەرێمیش شەش ترلیۆن و (٦٣٧) ملیارو (٤٦٩) ملیۆن و (٣٧) ھەزارو ٤٦٩ دینارە.

وتیشی، بۆ پارێزگای ھەولێر بڕی دوو ترلیۆن و (٤١٣) ملیارو (٥٩٦) ملیۆن و (٧٨٩) ھەزار دینارو بۆ پارێزگای دھۆك یەك ترلیۆن و (٦٠٥) ملیارو (١٠٧) ملیۆن و (٢٦٣) ھەزار دینارو بۆ پارێزگای سلێمانیش دوو ترلیۆن و (٦١٨) ملیارو (٧٦٥) ملیۆن و (٦٧٢) ھەزار دینار تەرخانكراوە، بەڵام ھیچ بودجەیەك بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دیاری نەكراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی ماددەی (١٠) بڕگەی دوو لەپرۆژەی یاسای بودجە بەشێك لەمووچەی ھێزە وشكانییەكانی سوپای عێراق دەدرێت بەپێشمەرگە بەپێی ژمارەی دانیشتوان، لەچوارچێوەی سیستمی بەرگری عیراقدا.

روونیشیكردەوە، لەپرۆژەیاساكەدا (٦٦٥) ملیارو (٥١٩) ملیۆن و (٦٦٢) ھەزار دیناری وەك پشكی ھەرێمی كوردستان لەخەرجی سیادی دیاریكردووە كەبۆ بەشەخۆراكی مانگانە و دەرمان و سوتەمەنی و كارەبا و گەنمی جوتیاران و یەكلاییكردنەوەی ناكۆكی موڵكایەتییە.

لەپڕۆژە یاسای بودجەی گشتی (٢٠١٨)ی عێراقدا ناوی حكومەتی ھەرێم بەحكومەتی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان ھاتووەو كۆی گشتی بودجەی عێراقیش بە (١٠٣) ترلیۆن و (٩٩٧) ملیارو (١٨٠) ملیۆن دینار خەمڵێندراوە.



PM:03:19:30/11/2017