پرۆسه‌ی وردبینیكردن له لیستی ناوی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه به‌رده‌وامه‌و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش رایده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌گه‌ر به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمیش به‌شی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی نه‌كات، پرۆژه یاسای بودجه په‌سه‌ند ناكه‌ین".
ماجده ته‌میمی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگه‌یاندووە "له‌سه‌ر داوای سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، وردبینی له ناوی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی عیراق ده‌كرێت به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، بۆیه به دڵنیاییه‌وه فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هاوشێوه‌ی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی عیراقی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت".
وتیشی: پرۆسه‌ی وردبینی له‌ناوی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه به‌رده‌وامه‌و جیاوازییه‌كی زۆریش له ژماره‌ی ناوه‌كان هه‌یه له‌نێوان به‌غداو هه‌رێم.
به‌وته‌ی ماجده ته‌میمی، لیژنه‌كه‌یان هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد هه‌یه بۆ وردبینی له‌ناوی فه‌رمانبه‌ران و ئامانجی سه‌ره‌كیش له‌و وردبینییه، ده‌رخستنی ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه، كه به فعلی له فه‌رمانگه‌كاندا ده‌وام ده‌كه‌ن.
ئاشكراشیكرد، هه‌فته‌ی داهاتوو لیژنه‌كه‌یان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كات و هه‌وڵی ته‌واوی خۆیان ده‌ده‌ن كه مافی هیچ فه‌رمانبه‌رێكی هه‌رێم نه‌فه‌وتێت.
سه‌باره‌ت به‌و زانیاریانه‌ش كه باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و به‌شه بودجه‌یه‌ی له بودجه‌ی گشتی عیراق بۆ هه‌رێم دانراوه، ته‌نها به‌شی موچه‌ی 8 مانگی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات، ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عیراق وتی "هێشتا یاسای بودجه‌مان تاوتوێ نه‌كردووه‌و ورده‌كارییه‌كانی نازانین، به‌ڵام له ئه‌گه‌ری هه‌ر جۆره كێشه‌یه‌كی له‌و جۆره، رێگه ناده‌ین پرۆژه‌ی یاسای بودجه تێپه‌ڕ ببێت".