هێزە عێراقییەکان داوا لە هێزی پێشمەرگە دەکەن رێگایان پێبدەن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی پێش ساڵی ٢٠٠٣

ماوەی هەفتەیەکە هێزە عێراقییەکان لەناوچەی گەرمیان داوا لە ‌هێزی پێشمەرگە دەکەن کە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی پێش ساڵی ٢٠٠٣، بەلآم تا ئێستا پێشمەرگە لەرێگای دانوستانەوە چارەسەری کێشەکەیان کردووە، لە شوێنەکانی خۆیان ماونەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، لە کۆتایی مانگی رابردووە هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی خانەقین و جەلەولا داوا لە هێزی پێشمەرگە دەکەن بگەڕێنەوە پێش ساڵی ٢٠١٣، بەلآم لە رۆژی ٢٩ ی تشرینی دووەم کۆبوونەوەیەک لەنێوان فەرماندەکانی پێشمەرگەو فەرماندە عێراقیەکان سازکراو ئەو پرسە لە رێگای گفتوگۆوە چارەسەر کرا، بەلآم سەرلەنوێ ئەمڕۆ جارێکی تر هێزە عێراقییەکانی داوادەکەن پێشمەرگە ناوچەی شێخ باوە کە دەکەوێتە نێوان کۆڵەجۆ و جەلەولا چۆڵبکات، سپی پەیوەندی کرد بە رائید رێبین تەها فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگەوە لە میحوەری نەقشبەندیەکان، لە لێدوانێکیدا بۆ سپی رایگەیاند" ئەو زانیاریانە راستن، هێزە عێراقییەکان ئەو داوایەیان کردووە، بەلآم وەک پێشتر لە رێگای گفتوگۆوە ئەو پرسە چآرەسەرکراوە، ئێستاش دەمانەوێت بەهەمان شێوە ئەو پرسە چارەسەر بکەین".

فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری نەقشبەندی لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی" ئەم ناوچەیە تاکە ناوچەیە لە هەرێمی کوردستان کە هێزی پێشمەرگە نەگەڕاوەتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٣ ئەوەش لەرێگای گفتوگۆوە ئەو بارودۆخەمان راگرتووە".

ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەمڕۆش فەرماندە مەیدانیەکانی هێزە عێراقییەکان هەمان داوایان کردۆتەوە، بەلآم ئێمە پێمان راگەیاندوون کە دەبێت لەسەر ئاستی سەروتر کە پێشتر قسەمان لەسەر کردووە، گفتوگۆ بکەین".

کۆبوونەوەی پێشوو لایەنی عێراقی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی دیجلە، فەریق روکن مەزهەر و فەرماندەی هێزەکانی دیالە بەشداریان تێدا کرد، هێزی پێشمەرگەش دەیانەوێت لەسەر ئەو ئاستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.  

لەدوای ١٦ ی تشرینی یەکەمەوەو پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە لە سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هێزی پێشمەرگە لەسەرجەم میحوەرەکان کشایەوە، بەلآم لە ناوچەی گەرمیان تا ئێستا هێزی پێشمەرگە لەچەندان ناوچەی جێناکۆک ماونەتەوەو نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی پێش ساڵی ٢٠٠٣.



PM:12:52:02/12/2017