كاندیدی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاریكرا

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جوان حەسەن ئەندامی فراكسیۆنی حزبەكەی لەبری ڕێبوار تاڵەبانی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاری دەكات.

هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی كاروباری سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لەو هەلومەرجەدا ناتوانێت بگەرێتەوە شارەكە، پێمان باش بوو یەكێك لە دوو ئەندامەكەی دیكەی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگاری كەركوك جوان حەسەن جێگەی بگرێتەوە".

سەرۆكی ئەنجومەنی كاروباری سیاسی یەكگرتوو  ڕاشیگەیاندووە "ئەو هەنگاوە بەمەبەستی هاوكاریكردنە لە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شاری كەركوك و بەگەڕخستنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا".

ئەوەش لەكاتێكدایە ڕێبوار تاڵەبانی لەدوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە شاری كەركوكی بەجێهێشتووە و تا ئێستا لە هەولێرە.



PM:12:21:03/12/2017