بەغدا پارەی چوار ساڵی گەنمی جوتیاران دەنێرێت

پەرلەمانتارێک ئاشکرایدەکات بڕێک لە پارەی گەنمی جووتیاران خراوەتە سەر حیسابی  وەزارەتی بازرگانیی دەشڵێت "پارەکە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی عێراق".


نەجیبە نەجیب، ئەندامی لێژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی "باسنیوز"ی ڕاگەیاند "بڕێک لە پارەی گەنمی جووتیاران خراوەتە سەر حیسابی  وەزارەتی بازرگانیی عێراق و پارەکە ھی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧ی گەنمی جووتیارانە و ئەوەی ماوەتەوە، ئەوەیە وەزیری بازرگانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران قسە بکات کەلە ساڵی چەندەوە دەست بە دابەشکردنی پارەکە بکەن، پاشان پارەکە خەرج دەکرێت".

نەجیبە نەجیب، لە درێژەی لێدوانەکەیدا جووتیارانی کوردستانی دڵنیا کردەوە لە ماوەیەکی نزیکدا پارەکانیان وەردەگرن، چونکە
دابینکردنی پارەکانیان گەرنتی کراوە.


ئەو پەرلەمانتارە کوردە ڕوونیشی کردەوە "بڕی ترلیۆنێک و ٧٠٠ ملیار دیناری جووتیارانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لای حکوومەتی عێراق ماوە، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دیناریان تەرخان کردووە و بڕیار دراوە تەوای پارەی گەنمی جووتیاران لەم مانگەدا خەرج بکرێت".

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردەوە "پارەکە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان و دواتریش ڕێوشوێنی دابەشکردنەکەی ڕادەگەیەندرێت".

پشکی ھەرێمی کوردستان لەو تریلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینارە نزیکەی ٧٠٠ ملیار دینارە.


هاوکات نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان بە ڕاگەیاندووە "پارەی گەنمی جووتیاران خراوەتە حیسابێکەوە و گوتی و بڕی ٨٢٦ ملیار دینار خراوەتە حیسابی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی عێراقەوە، بەڵام ڕوون نەبۆتەوە چۆن و بە چ میکانیزمێک پارەکە دابەش دەکرێت".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی ئاشکراشی کرد ھەر کاتێک پارەکە بگاتە کوردستان، جووتیارانی لێ ئاگادار دەکەنەوە و بەھەمان میکانیزمی پێشووتر دابەش دەکرێت"



PM:09:29:04/12/2017