ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان: گۆڕان هەیە لەژێرەوە پەیوەندی بەلایەنەکانی ترەوە کردووە

ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، عەبدوڵای کوێخا موبارەک ئاشکرای دەکات کەسانێکی گۆڕان لەژێرەوە پەیوەندیان كردوە بە لیست ولایەنی تر تا لەوێ بگەن بە ئاواتی خۆیان و، دەڵێت" لەبەرانبەریشدا كاریان پێ سپێردراوە، كارەكەیش كە پێیان سپێردراوە دروستكردنی ئەم بشێوی و وتی وتیەی ئێستای ناوخۆی گۆڕانە".

عەبدوڵای کوێخا موبارەک ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکدا نووسیوویەتی " ئەوانەی لەناو گۆڕان بەدوای بەرژەوەندی شەخسیەوەن بونە بە دو بەشەوە لە ئێستادا، بەشێكیان هەندێك لە مەرامەكانیان هاتۆتە دی وهەڵوەدای زیاتر وزیاترن، بەشەكەی تریان هیچیان بەدەست نەهێناوە لەڕوی شەخسیەوەو بێ ئومێد بونە لەوەی كە لەناو گۆڕاندا بگەن بەو مەبەستەی كە هەیانە، بۆیە لەژێرەوە پەیوەندیان كردوە بە لیست ولایەنی تر تا لەوێ بگەن بە ئاواتی خۆیان و لەبەرانبەریشدا كاریان پێ سپێردراوە، كارەكەیش كە پێیان سپێردراوە دروستكردنی ئەم بشێوی و وتی وتیەی ئێستای ناوخۆی گۆڕانە".

دەقی نوسینەكەی عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك..

وتی وتی و كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان چین؟ وكێ دروستی دەكات؟ وچارەسەری چیە؟
ئەو وتی وتیەی ماوەیەكە لە ناوخۆی بزوتنەوی گۆڕان دروستكراوە بەشێكی هۆكاری میزاجێتە لەكاركردن بەتایبەتی هەندێك لەوانەی كە لە میدیا و بەشی ئیعلامی گۆڕاندا كاردەكەن وڕاگەیاندن وپەیج وسایتی گۆڕان بە میزاجی شەخسی بەكاردێن، بەشەكەی تری دەستێكی سیاسیە بە سود بینین لە بەرژەوەند خوازانی ناوخۆی بزوتنەوەكە.

چەندین كەس كە وەك هەڵسوڕاوی دیار وكاریگەر بۆ گۆڕان خۆیان ناساندوە وخۆیان خزاندۆتە ناو گۆڕانەوەو چەندین ڕێگایان بەكار هێناوە بۆ فریودانی گۆڕانخوازان وسەرنج ڕاكێشانیان بۆ لای خۆیان، ئەمانە لە ڕاستیدا شوێنكەوتوی گۆڕان وبەرنامەكەی نین، بەڵكو ویستویانە بەهۆی گۆڕانەوە بگەن بە مەرامی شەخسی خۆیان، وەك پلەوپۆست ومادە وناوبانگو پێگەی دیاروگرنگ.

ئەوانەی لەناو گۆڕان بەدوای بەرژەوەندی شەخسیەوەن بونە بە دو بەشەوە لە ئێستادا، بەشێكیان هەندێك لە مەرامەكانیان هاتۆتە دی وهەڵوەدای زیاتر وزیاترن، بەشەكەی تریان هیچیان بەدەست نەهێناوە لەڕوی شەخسیەوەو بێ ئومێد بونە لەوەی كە لەناو گۆڕاندا بگەن بەو مەبەستەی كە هەیانە، بۆیە لەژێرەوە پەیوەندیان كردوە بە لیست ولایەنی تر تا لەوێ بگەن بە ئاواتی خۆیان و لەبەرانبەریشدا كاریان پێ سپێردراوە، كارەكەیش كە پێیان سپێردراوە دروستكردنی ئەم بشێوی و وتی وتیەی ئێستای ناوخۆی گۆڕانە.

ئەوانەی لەناو گۆڕان بەدوای بەرژەوەندی شەخسیەوەن چەند ڕێگایەك بەكاردێنن بۆ دروستكردنی بشێوی و وتی وتی.

١-دروستكردنی ململانێ بە ناوی گەنج وپیر یا عەقڵی كۆن ونوێ و ئیدیعای پەراوێز خستنی گەنج لەناو گۆڕاندا.

٢-دروستكردنی ململانێی چین وتوێژ كە لە هەمو شۆڕشە كوردیەكاندا بەكار هاتوە بەڵام نابێ وناشێ لە بزوتنەوەیەكی مۆدێرنی وەك گۆڕاندا ئەو دیاردەیە بونی هەبێت.

٣-تەخوین كردن وگومان دروستكردن لەسەر ئەو كەسانەی كە كاریگەر وچالاكن وخاوەن پێگەی جەماوەرین لەناو گۆڕاندا، ئەمەش لەپێناو ڕێگە تەختكردن بۆ گەیشت بە مەرامە شەخسیەكانی خۆیان.

٤-دروستكردنی دەیان سایت وپەیج بەناوی گۆڕانەوە بۆ دروستكردنی كێشە وناكۆكی ناوخۆیی گۆڕان ولێدان وشكاندنی هەر كەسایەتیەكی ناو گۆڕان كە بیانەوێت.

چارەسەر چیە؟
١-گۆڕان نابێت سیاسەتی دڵ ڕازی كردن بكات وبەلایەنی كەمەوە ئەبێت ئەو چەند كەسە دور بخاتەوە لە بزوتنەكە كە بە ئاشكرا هەوڵی دوبەرەكی ودروستكردنی ناكۆكی لە ناوخۆی گۆڕاندا دەدەن.

٢-گۆڕان دەبێت هەمو ئەوانە لە بەرپرسیارێتی وكاركردن بۆ گۆڕان دور بخاتەوە كە بە میزاجی شەخسی كاردەكەن وپەیوەست نین بە دەستور وبەرنامەی كاری گۆڕانەوە بەتایبەت لە نێو میدیا وژورەكاندا.

٣-پێویستە بزوتنەوی گۆڕان بەفەرمی لەلایەن میدیای گۆڕانەوە ڕونكردنەوە لەسەر ئەو سایت وپەیجانە بدات وحاشایان لێ بكات كە عەلئەساس كار بۆ گۆڕان دەكەن و بەڵام كەس نازانێت هی كێن وخۆیان بە میدیای گۆڕان ناناسێنن و بەسیاسەتی گۆڕان كار ناكەن.



AM:11:52:09/12/2017