لە سلێمانی نرخی مانگانەی گواستنەوەی قوتابیان بۆ قوتابخانەکانیان بە پاس و تاکسی دیاریکرا و لە ھەفتەی داھاتووەوە کاری پێدەکرێت.
لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی دەڵێت "ئەگەر بەپێی ئەو مەرجانەی دایانناوە، شۆفێری پاس و تاکسییەکان پێوەی پابەند نەبوون، ئەوا ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەکرێنەوە.
بەپێی ئەو فەرمانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەریانکردووە، کرێی گواستنەوەی یەک قوتابی لەناو کۆڵانەکان بە پاس نابێت لە ٢٠ ھەزار دینار زیاتر بێت و تاکسیش ٣٠ بۆ ٣٥ ھەزار دینار.
لەناو شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمودیش پاس تا ٣٥ ھەزار دینار و تاکسیش تا ٥٥ ھەزار دینار وەردەگرن، بەڵام لە دەرەوەی شەقامەکە ئەو نرخە بۆ پاس بەرز دەبێتەوە بۆ ٣٥ بۆ ٤٥ ھەزار دینار و تاکسیش ٥٥ بۆ ٧٥ ھەزار دینار.
بەپێی مەرجەکانی بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی، پێویستە ئەو پاس و تاکسیانەی قوتابی دەگوازنەوە مۆدیلیان لە ٢٠٠٢ کەمتر نەبێت و سارد و گەرمیان کاربکات.
لە سلێمانی ٧٠٠ پاس و تاکسی هەن کە ڕۆژانە قوتابیان دەگوازنەوە بۆ قوتابخانەکانیان، کەسوکاری بەشێک لەو قوتابیانە سکاڵای ئەوەیان دەکرد کە هەندێ لە شۆفێران نرخێکی زۆر وەردەگرن لەپای هاتوچۆکردن بە منداڵەکانیان.