دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر كێشەی تێدەكەوێت

دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر كێشەی تێدەكەوێت و سەرۆكی ئەنجومەنیش دەڵێت "ناچارین نایاسایی بكەین".

ئەمڕۆ یەكشەممە ١٠ی كانونی یەكەمی ٢٠١٧ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، كۆبونەوەی ژمارە ٥٦ی ئاسایی خۆی لە كاتژمێر ١١ دەستپێكرد بەمەبەستی دەنگدان لەسەر دەستبەكاربوونی چوار بەڕێوەبەری گشتی، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێكی یاسایی كێشە كەوتۆتە نێو ئەندامانی ئەنجومەنەكە.

لە دانیشتنەكەدا عەبدولرەحمان موهەندیس، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەبارەی كاندیدەكانەوە وتی "دەبوو بۆ هەریەك لە پۆستەكان زیاتر لە دوو كاندید هەبوایە و بەڕێوەبەرەكانی پێشوش لێرە ئامادەبونایە، بۆیە ئەوە پڕۆسەیەكی نایاساییە و سەپاندنی ئەمری واقیعە بەسەر ئەنجومەندا، هەربۆیە دەنگ بە كاندیدەكان نادەین". 

لەوبارەیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، داوای لە ئەندامانی ئەنجومەن كرد رەچاوی بارودۆخ و یاساكانی هەرێمی كوردستان بكەن و رازی بن بەوەی دەنگ بەو كاندیدانە بدەن كە پارێزگاری هەولێر دیاریكردوون و  دەڵێت "ناكرێت بەهۆی ئەوەی كاندید كەمە بگەرێنرێنەوە ئەوەش لە ئەنجومەنەكانی تری سلێمانی و دەهۆك هەیە".

هەروەها دەڵێت "راستە دانیشتنەكە نایاساییە، بەڵام نەتوانراوە كێشەكە چارەسەربكرێت، چونكە نەدەكرا كەسانێك تەنیا بۆ تەشریفات بێن بۆ ئەنجومەن و دەنگیشیان پێنەدرێت".

ئەگەرچی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەردەوامە، بەڵام هەریەك لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو ئامادەنین دەنگ بە كاندیدەكان بدەن.

كاندیدەكانیش بریتین لە بەشدار عەبدولخالق، بۆ پۆستی بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، داماو محەمەد، بۆ بەرێوەبەری گشتی شەهیدان، یوسف چاوشین، بۆ پۆستی بەرێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و نەبەز محێدین، بۆ پۆستی بەرێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی هەولێر.



PM:02:29:10/12/2017