قایمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەكات

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی  لەسەر چەند جۆرێك لە خواردنەوە لە گازینۆ و كافتریاكاندا هۆشداری‌ دەدات و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانیش دەڵێت "خاوەنەكانیان رووبەرووی یاسا دەكرێنەوە".

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند "بەهۆی پابەندنەبوونیان بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن، لەلایەن لیژنەی ریستۆرانتی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانەوە پسوڵەی سەرپێچی بۆ ژمارەیەك كافتریا كراوە كە خواردنەوەی سەرمەستیان پێشكەش بەكڕیارەكانیان، كردووە".

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان ئەوەی خستۆتەڕوو پێشتر و لەكاتی جیاوازدا، سەرجەم گازینۆ و كافتریاكان ئاگاداركراونەتەوە لە نەبوون و نەفرۆشتنی خواردنەوە سەرمەستیەكان لەشوێنەكانیاندا، بەپێچەوانەوە سەرپێچی كردنە لە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن، لە هەر گازینۆ و كافتریایەكدا دەستی بەسەردا بگیرێت رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

گۆران قادر ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی "هەبوون و فرۆشتنی خواردنەوە سەرمەستیەكان، لەلایەن لیژنەكانەوە پسوڵەی سەرپێچی بۆ ژمارەیەك گازینۆ و كافتریا كراوە، دەست بەسەر بڕێك لە و خواردنەوەدا گیراوە، هەروەها بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی خواردنەوەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكانیان رووبەرووی یاسا دەكرێنەوە".



PM:12:16:11/12/2017