دۆخی خورماتوو ناجێگیرە

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، لە قەزای خورماتوو چەند گوللـە هاوەنێك ئاراستەی گەڕەكە توركمان نشینەكان كرا و لە ئێستادا دۆخی قەزاكە ناجێگیرە.

سەید عەلی هاشم ئەلحوسەینی، وتەبێژی حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لە كاتژمێر ٩ ی بەیانی ئەمڕۆوە چەند گوللـە هاوەنێك ئاراستەی قەزاكە كراوە و وتیشی "گوللـە هاوەنەكان لە گەڕەكە توركمان نشینەكان كەوتوونەتە خوارەوە و بەوهۆی ناجێگری دۆخی قەزاكەشەوە تائێستا زیانەكان نەزاندراوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە باری نا ئاسایی ڕاگەیەندراوە، هەروەها دەوام لە فەرمانگەكاندا ڕاگیراوە.

لەلایەكی دیكەوە محەمەد فایەق، وتەبێژی قائیمقامیەتی قەزای خورماتوو ڕاگەیاند "لە كاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لەناحیەی ئامرلی و سەنتەری قەزای خورماتوەوە بەھاوەن و تۆپ بۆردومانی گوندەكانی دەوروبەری داودەی سەر بەناحیەی زنانە دەكەن".

ئاشكراشیكرد "تائێستا ئەو بۆردومانانە ھیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتۆتەوەو ئەو گوندانەش كە بۆردومانكراون كوردنشینن و ئاوەدانن"، ئەوەشی خستەڕوو "لەلایەن ژمارەیەك خۆبەخشی كوردەوە وەڵامی ئەو بۆردومانانە دەدرێتەوەو تائێستاش بۆردومانەكە بەردەوامە".






PM:12:09:12/12/2017