وەستا رەسوڵ باسی روودای گرتنی کەرکوک دەکات
هێرشدەکاتە سەر فەرماندەیەکی باڵای پارتی

وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری باشوری کەرکوک، باس لە گرتنی شاری کەرکوک و رووداوەکانی پێش هێرشی هێزەکانی عێراق بۆ سەر ئەو شارەو شەوی کۆنترۆڵکردنی دەکات، هاوکات هێرشێکی توند دەکاتە سەر فازل بەرواری فەرماندەی فرقەی ئاڵتونی عێراق کە کوردەو سەر بە پارتییە.
 
 وەستا رەسوڵ لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هەواڵ كە ئەمڕۆ(شەممە) ١٦ کانوونی یەکەم بڵاوكراوەتەوە، باس لە وردەكارییەكانی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەكات كە تێیدا هێزەكانی عێراق توانیان كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كۆنترۆڵ بكەنە.
 
ئەو فەرماندە سەربازییە پێی وایە روداوی 16ی ئۆكتۆبەر دەرئەنجامی هەڵە سیاسییەكان و گوێنەگرتن و ئەو ملهوڕیە بو كە هەرێمی كوردستان دەستی دابویە و بەقسەی كەسیشی نەدەكرد.
 
 
وەستا رەسوڵ دەشڵێت”هەندێك هەڵەی گەورە لەكەركوك كرابو، وەكو ئەوەی چ پێویستی دەكرد بە بڕیارێك ئەنجومەنی پارێزگا كۆبكەیتەوەو پارێزگاری كەركوك ئاڵای كوردستان هەڵبكات، چونكە پێشتر ئێمە لەمەكتەب خالید لە ژێر ئاڵای كوردستان پێشوازیمان لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران كرد”.
 
هەروەها ئاماژەی بە دو هەڵەی دیكەش كردوە لەكەركوك كە ئەوانیش "هەڵەی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوت، هەڵەی حكومڕانی كورد لەكەركوك و بەتایبەتی ئاسایشەكانی یەكێتی و پارتی و حكومڕانی حزبەكان، كە حیساب نەكردن بوە بۆ پێكهاتەكانی دیكەو نەخوێندنەوەی ئەوان، كۆی دەرئەنجامی ئەو هەڵانەش گەیشتە ریفراندۆم”.
  
ئەو فەرماندەیە جەختیی كردۆتەوە كە لە 15ی ئەیلول وەك فەرماندە سەربازییەكان لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ بە ئامادەبونی پارێزگاری ئەو كاتی كەركوك كۆبونەتەوە و داوایان كردوە ریفراندۆم لەو شارە نەكرێت بۆ ئەوەی توشی شەڕ نەبن چونكە بەوتەی ئەو بەشی نیو كاتژمێر تەقەنیان هەبوە و وتوشیەتی”پێشتر لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە زۆر ناعەدالەتیمان لەگەڵ كرابو، ئەو میحوەرانەی ئێمە وەكو پێویست تەقەمەنی بۆ نەهات”.

ئاماژەی بەوەشداوە كە دوای ریفراندۆمیش جارێكی دیكە، لەگەڵ مەسعود بارزانی كە ئەو كات فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی كوردستان بوە باسی ئەوەیان كردوە كە بەرگەی ئەو شەڕە ناگرن، بۆیە هەوڵبدەن نەیكەن و بە جۆرێكی دیكە مامەڵە بكەن.
 
وەستا رەسووڵ باسی لەوەشكردوە كە لە 22ی ئەیلول دایانناوە ئۆپەراسێونێك لەگەڵ عێراقدا بۆ حەویجە ئەنجام بدەن و لە 23 ی ئەیلول، لەگەڵ وەفدەكەی عێراق لەهەولێر كۆبونەتەوە، كە وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتی كردوەو فەرماندەكانی پێشمەرگەش بەشداربون، لەسەر (5) خاڵ رێكەوتون، كە بریتیبون لەوەی هێزەكانی عێراق بێن و رێگەیان بۆ بكرێتە لەهەردو میحوەری چوارو پێنجەوە. خاڵی دوەمیش ئەوەبوە پێمشەرگە پشتیوانی لەهێزەكەی عێراق بكات و خاڵی سێیەمش ئەوە بوە هەماهەنگی هەواڵگری بكەن، خاڵی چوارەم هاوكاری مرۆیی بوە بۆ ئاوارەكانی حەویجە، خاڵی پێنجەمیش كە بە بۆچونی وەستا رەسوڵ لەوانی دیكە گرنگتر بوە ئەوە بوە كە لەدوای ئازادكردنی حەویجە هێزی عێراق لەودیو سنوری سەنگەرەكانی پێشمەرگە نەمینێت.
  
ناوبراو دەشڵێت”ئەم پڕۆتۆكۆڵە لەبەردەم ئێمە لەلایەن فەریق روكنی یەكەم عەبدولئەمیر یاروڵاو فەریق جەمال ئیمینكی سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری لەسەر درا، ئەم دوانە ئیمزای بكەن، ئەو دەستەواژانە دوایی چۆن نوسرایەوە ئەوە بابەتێكی تێدایە”.
  
 ئەو زیاتر روونکردنەوە دەدات كە شەوی 26 مانگ سەعات 9ی شەو تەلەفۆنێكی لە عەبدولئەمیر یاروڵاوە بۆ هاتوەو پێی وتوە”ئێمە ئەو ئۆپەراسیۆنە لەگەڵ ئێوە ناكەین و داوای لێبوردن دەكەین، وتم بۆچی؟ وتی ئەو وەفدەی ئێمە هاتوە 6 سەعات لەمیحوەری پێنج، دواخراون ئەگەر ئێمە هێزێكی زۆر بهێنین دەبێت چەندێك كاتمان بوێت؟! ئێمە پەلەمانەو حەیدەر عەبادی زەختمان لێدەكات بۆ ئەوەی بەماوەیەكی كورت ئەو شەڕەی حەویجە بكەین، بۆئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ئەنبار، چونكە لە دێرەزور شەڕ هەیە، ترسمان هەیە داعش بێتە ئەم دیو، لەراِستیدا زۆر سوپاسی ئێمەی كرد لەمیحورەی 4 كەهاوكاریان بوینە”.
 
 
وتوشیەتی”دوای ئەوە تەلەفۆنم بۆ فەریق جەمال ئیمینكی كرد، وتی دەستەواژەیەك لەڕێكەوتنەكە عێراق لێی پەشیمان بۆتەوە، رێكەوتبوین لەسەرئەوەی دوای ئازادكردنی حەویجە هێزی عێراق لەم دیو سنور نەمێنێتەوە، بەڵام ئەوان نوسیویانە كەی بارودۆخی ئەمنی جێگیربو ئینجا هێزەكان دەكشێنەوە، من ئەوە بۆ ئەو دو فەریقە جێدەهێڵم”.
 
 
ئاشكراشیكردوە”لە 4ی ئۆكتۆبەر كۆبونەوی سەرجەم فەرماندەی لیواكانمان كرد لەمیحوەری 4 بە ئیمزای هەمویان رێكەوتین كە هێڵی یەكەمی سەنگەرەكانمان شەڕی تێدا ناكرێت، چونكە پێشتر لەوسەنگەرانە بەرانبەر داعش بوین ، بەڵام لەو كاتەدا سوپای عێراق لەبەرانبەر و تەنیشیتمانەوەش هەبون، بواری ئەوە هەبو بە تۆپ لێمان بدرێت، بۆ ئەوەی هێزەكانمان بپارێزین، ئەو ئیمزایەمان كردو كردمان بە راپۆرتێك و دامان بەوەزارەت و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە، كە ئێمە لەهێڵی پێشەوە دێینە دواوە لەبەر ئەوەی هێزی عێراقی داخلی تازەو خورماتو بوە، هێزەكەشی زۆرە لەبەشیر”.
 
 ئەوەشی خستۆتەڕو”لە 7 بۆ 15ی مانگ هەمو شەوێك لەگەڵ شێخ جەعفەر و لیوا هیوا رەش و لیوا كاوە لەگەڵ ئەمریكیەكان لەكۆبونەوە بوین، هەمو شەوێك ئەوان دو شتیان پێدەوتین، یەكەمیان لە رێگای شاشەی تەلەفزیۆنەوە زۆری قەبارەی هێزەكانی عێراقیان پیشان دەداین و بەژمارەش پێیانوتم كە 1200 تۆپ و گاردیان هێناوە بەرانبەر بە شاری كەركوك دایان ناوە، هەمو شەوێكیش پرسی سەروی خۆیان دەكرد، ئەیانوت ئەگەر ئێمە هەر خۆشمان بین لەگەڵتان شەڕ دەكەین و بەجێتانناهێڵین، دواتر پێیانوتین لەسەروی خۆمان دەڵێن بە عەبادیمان وتوە، وەڵامی عەبادی ئەوەبو هێزی ئەمریكییەكانیشی پێی ناپارێزرێت بابڕۆن و بەجێیبهێڵن، ئێمە كەی بێین دێین”.
  
وتوشیەتی”ئەوە بۆ ئێمە پشت شكاندێكی گەورەبو، چونكە پێشمەرگە هاوپەیمانێكی گەورەی هاوپەیمانان بو لەشەڕی داعش، ئینجا كەدێیتە شەڕێكی دیكەو هێزی ئەمریكیكانمان لەدەستچو، واتا لەڕوی سەربازی و سیاسیەوە هێزی 68 وڵاتمان لەدەستچو.. پشتگیری هەرێمیان نەكرد لەدوای ریفراندۆمەكەوە، ئەوە كێ لێی بەرپرسە؟ ئەوانەن كە بەبێ گوێدانە قسەی كەس و بەبێ گوێدانە گروپی سەركردایەتی یەكێتی لەكەركوك كە وتیان ریفراندۆم لەكەركوك نەكرێت.. ئەوانە بەرپرسن كە خۆیان كردە دەمسپی ئەم میللەتە بێئەوەی كەس هەڵیانبژێرێت بەناوی حزبی بچوكەوە، ئەنجومەنێكیان پێكهێنابو ئەوانە بو كە میلەتیان گەیاندە ئەم رۆژە”.
  
بەپێی قسەی وەستا رەسوڵ لە 12ی مانگ هێزی عێراق هاتونتە بەرانبەر هێزەكانیان لەلای بەشیر كەوتبوە ناوەوە بەتەواوەتی، ئێمە لەگەڵ شێخ جەعفەر و كاك كۆسرەت و ئەوانمان بینی كە رەوەند مەلا مەحمودو كاكەمەندو حەمەی حاجی مەحمودو دكتۆر نەجمەدین و هیوارەش لێرەبون زۆر بەتوندی قسەمان كرد كە ئەم شەڕە ناكرێت و بۆ واتان لێكردین ئێستە چبكەین، ئەوان هیچ وەڵامێكی بەهێزی ئەوتۆیان پێ نەبو كە فەرماندەی گشتی ئەو هێزە بون، بۆیە لەگەڵ شێخ جەعفەر بە رێكەوتین بۆ كەیوان، لەڕێگا بەتەلەفۆن ئیعازمان دا بەهێزەكانمان كەهێڵی یەكەم بەجێبهێڵن، بۆئەوەی توشی شەڕ نەبین، چونكە ئەگەر لەوێ توشی شەڕ بوینایە پێشمەرگەیەكی زۆرمان شەهید دەبون.



PM:11:10:16/12/2017