عەلی قازی: ئەگەر وەسیەت نامەی پێشەوا جێبەجێ‌ ببێ ئەوا هەموو كێشەكان چارەسەر دەبێت

لە رۆژی ئالای کوردستان، عەلی قازی کوڕی پێشەوای کورد، قازی محەمەد لە پەیامێکدا دەڵێت " لەم ساتە وەختە دژوار و سەختەی میللەتی كورد پێیدا تێدەپەڕێ‌، پێویستە یەك ریزی و یەك دەنگی خۆیان بپارێزین".

لە پەیامێک کە بۆ سپی نێرادراوە، کوڕی پێشەوای کورد عەلی قازی محەمەد داواكاریی تایبەتی پێشكەشی لایەنە سیاسیەكان كرد بۆ ئەوەی لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەتی كورد، لەم ساتە وەختە دژوار و سەختەی میللەتی كورد پێیدا تێدەپەڕێ‌، پێویستە یەك ریزی و یەك دەنگی خۆیان بپارێزین.

عەلی قازی لە درێژەی پەیامەکەیدا پیرۆزباییەكی تایبەت لە گەلی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، بەبۆنەی جەژنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان دەکات و دەڵێت " مەرحومی باوكم پێشەوا قازی محمد، لە ژێر ئەم ئاڵایە كۆماری كوردستانی دامەزراند و ئەم ئاڵایەی پێشكەشی گەلی كورد كرد".

كوڕی پێشەوا قازی محمد وەسیەت نامەی باوكی، پێشەوا قازی محمد، بە بیری هەموو لایەنەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان دەهێنێتەوەو، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەگەر ئێمە وەسیەت نامەی پێشەوا قازی محمد جێبەجێ بكەین، ئەوا هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن و كورد دەگاتە ئاواتی سەربەخۆیی و ئازادی كوردستان.

لە كۆتایی پەیامی پیرۆزباییەكەیدا كوڕی پێشەوا قازی محمد وتی" من دڵنیام ئاڵای باوكی من هی كۆماری كوردستان لەسەر بینای دەوڵەتی كوردستان شەكاوە دەبێت و ئێمە هەموو ئەو رۆژە دەبینین".



AM:09:24:17/12/2017