پارێزگاری سلێمانی داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات رووبەرووی خۆپیشاندەران نەبنەوە

پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی سلێمانی و دەوروبەری، داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات روبەرووی خۆپیشاندەران نەبنەوە".

سەعات (7:30)ی ئەمشەو، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی روداوەکانی ئەمڕۆوە سازکرد و ئەوەی خستەڕو کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەی ئارامی و لایەنە سیاسیەکانیش کۆبونەتەوە.

پاڕیزگاریی سلێمانی جەختی لەوەکردەوە؛ داواکارییەکانی خەڵک و خۆپیشاندەران داواکاری رەوان، بەڵام وتی:”داوایان لێدەکەین خۆیان لە توندوتیژی بپارێزن و هێزە ئەمنییەکان روبەڕوی خۆپیشاندەران نابنەوە”، ئەوەشی بە هەڵوێستێکی ئەرێنی وەسف کرد کە لە روداوەکانی ئەمڕۆدا ئەندامانی حیزب و هێزە ئەمنیەکان کاردانەوەیان بەرامبەر خۆپیشاندەران نەبوە .

هەڤاڵ ئەبوبەکر بەپێویستی زانی داوا رەواکان بەشێوەیەکی مەدەنی و ئاشتییانە گوزارشتیان لێبکرێت، و وتیشی:” خوێنی هەر مرۆڤێکی کورد لە هەمو پلە و پایەیەک گەورەتر و بەنرخترە، بۆیە پێویستە بە ئارامی داوا رەواکان بخرێنەڕو، هەڵبژاردن لە رێگەمانە و دەکرێت لەو رێگەیە چارەسەرەکان بدۆزرێتەوە”.



PM:08:28:18/12/2017