پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو: ئەم حكومەتە لە ماهیەتی خۆی بەتاڵ بوەتەوە

په‌رله‌مانتارێكی یەكگرتووی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پێویستە بەرەیەكی چاكسازی بەرفراوان پێك بهێنرێت، ده‌شڵێت "مانه‌وه‌ به‌ دیار ئه‌م حكومه‌ته‌وه‌ ته‌نیا كات كوشتنه‌".


ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتوو لە پێگەی تایبەتی لەفەیسبوك نووسیویه‌تی "ئەم حكومەتە لە ماهیەتی خۆی بەتاڵ بوەتەوە و چاكسازی پێناكرێت، مانەوە بەدیار ئەم حكومەتەوە تەنها كات كوشتنە و كشانەوە لێی و دانانی وادەی هەڵبژاردن و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پێكهێنانی لیستێكی ئیسڵاحی لە هەموو ئەو هێزو كەسایەتیانەی لەڕابردوو و ئێستادا بەرنامەو خواستی چاكسازیان هەبووە و دەبێت ئەركێكی هەنوكەیی ئەم قۆناغەیە".

وتیشی، "بەتەنها دابەزین و بەفۆرمی رابردوو هیچ رەونەقێكی نییە و خەڵك وەك ریفراندۆم بایكۆتی پڕۆسەی هەڵبژاردنیش دەكات".

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، ده‌ڵێت "ئەم بەرە چاكسازییە یان دەنگی یەكەم ده‌هێنێت و حكومەت پێكدەهێنێت، یاخود ئەوكاتە دەبێتە شەریكی راستەقینەی بڕیارو حوكمڕانی و دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی ئێستا ناچار بە چاكسازی و ریفۆرمیان دەكات، بەمەش گۆڕانكاری ریشەیی دروست دەبێت".

ئه‌وه‌شی نووسیوه‌ "هیوادارم یەكگرتوو بەو قورساییەی لە توانا مرۆیی و كەرەسە ئامادەكراوەكەی و ئەزمونە دوور و درێژەكەی لە ئیسڵاح دا كار بۆ ئەو بەرەیە بكات و ببێتە پێكهێنەرو كاكڵەی ئەو رووداوە گەورەیە كە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە پڕۆسەی سیاسی و تێپەڕاندنی ئەم فۆرمە شكستخواردوەی حوكمڕانی پێشوو".

ئەوەش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، كشانه‌وه‌ی خۆیان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یاند، به‌ڵام تا ئێستا یه‌كگرتووی ئیسلامی هیچ بڕیارێكی له‌و باره‌وه‌ نه‌داوه‌.



AM:10:43:21/12/2017