پێشمەرگەیەک خۆی کوشت

پۆلیسی گەرمیان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پێشمەرگەیەكی دانیشتووی گوندی ساڵح ئاغا بەهۆی بەركەوتنی فیشەكەوە گیانی لەدەستداوە و بەوتەی كەسوكاریشی بە هەڵە گوللە لەچەکەکەی دەرچووە.


بەپێی راگەیەندراوێكی رائیدی مافپەروەر، عەلی جەمال قەدووری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان كە لە پەڕەی پۆلیسی گەرمیان لە فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ هاوڵاتیەك كە پیشەی پێشمەرگەیە لەلیوای 3 فەوجی 3 و دانیشتووی گوندی ساڵح ئاغایە سەر بەناحییەی قۆرەتووە هێنرایە بەشی فریاكەوتنی شەهید هەژار كە بەهۆی بەركەوتنی فیشەكەوە گیانی لەدەستدابوو.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "بەوتەی خەزوری ئەو پێشمەرگەیە ناوی (عوس جعفر محمد) ە لەدایكبووی 1985 لەكاتی پاككردنەوەی چەكەكەیدا لەماڵی خۆیان فیشەك لەدەستی دەرچووە و بەر لاقی كەوتووە پاش گەیاندنی بەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لەئێستادا بەمەبەستی پشكنین تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری قەزای كەلار كراوە و لەسەرچۆنێتی ڕووداوەكە پۆلیس دەستی بەلێكۆڵینەوە كردووە.



PM:04:54:22/12/2017