کۆسرەت رەسوڵ لەسەر خۆپیشاندانەکان پەیامێک بڵاودەکاتەوە

کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت " زۆر پێویستە ئەو جەماوەرە خۆڕاگرە خۆیان لە ئاژاوەگێڕ و دەستی تێكدەرانەی ئەملاو ئەولا بژار بكەن و نەهێڵن كە ئامانجەكانیان بەلاڕێدا ببرێت و زیان بە بارەگاو دام و دەزگا حكومی و شوێنە گشتییەكان بگەیەنرێت".

لەو پەیامەدا کە کۆسرەت رەسوڵ لە ئەڵمانیاوە لە نەخۆشخانە ئاراستەی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کردووەو کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە تیایدا هاتووە " بەڕێزان لەم چەند رۆژەدا كە گەلەكەمان و بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەجەو گەرمیان و پشدەرو بتوێن و ناوچەی كۆیەش لە ئەنجامی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی خەڵك لە ئاست بێ دادی و نەبوونی مووچەو كەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەكان هاتۆتە پێش، كە بەداخەوە كاری توندوتیژی و چەندین شەهید و برینداریشی لێكەوتۆتەوە، من دەمەوێت لێرەدا بەراشكاوی ئەوە رابگەیەنم كە نارەزایی دەربڕین و خۆپیشاندانی مووچەخۆران و كۆمەڵانی خەڵك بۆ دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكان پێویست و رێزلێگیراوەو مافێكی سەرەتاییشە، بەڵام زۆر پێویستە ئەو جەماوەرە خۆڕاگرە خۆیان لە ئاژاوەگێڕ و دەستی تێكدەرانەی ئەملاو ئەولا بژار بكەن و نەهێڵن كە ئامانجەكانیان بەلاڕێدا ببرێت و زیان بە بارەگاو دام و دەزگا حكومی و شوێنە گشتییەكان بگەیەنرێت، چونكە رێگا راستەكە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی هێمنانەو مەدەنیانەیە، نەك ئەوەی كە ئێستا دەگوزەرێت".
هەروەها لە پەیامەکەدا هاتووە " ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە كە بەهاوبەشی و هەماهەنگی دەزگا شەرعییەكانی تری هەرێمی كوردستان رێوشوێنی گونجاوی بێ توندوتیژی بگرنەبەر بۆ ئارامكردنەوەی بارودۆخەكەو كار بۆ دابینكردنی داخوازییە رەواكانی خەڵك بكەن، هەروەها ئەركی دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكانیشە كە بەشێوەیەكی شارستنیانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بكەن و سەروماڵی هاووڵاتیانیش بپارێزن، لە هەمان كاتدا پاراستنی دام و دەزگاو شوێنە گشتییەكانیش لە ئەستۆ بگرن".

کۆسرەت رەسوڵ ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات،" ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەخت و دژوار تێدەپەڕێت، لەلایەك ناحەزانی گەلەكەمان بۆ دژایەتی ئەزموونەكەمان هەموو ناكۆكییەكانی خۆیان وەلاناو لە ئاست دژایەتی گەلەكەمان دەنگ و هێزی خۆیان یەكخست، بەڵام جێگای داخە كە هەڵوێستی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە ئاست پێداویستی قۆناغەكەدا نییە و ریزەكانمان پەرتەوازەیە، هەر ئەو نارێكییەی خۆمان كاریگەری خراپ لەسەر هەڵوێستی نەرێنی دۆست و هاوپەیمانەكانمان لە ئاست سادەترین مافەكانمان خوڵقاند. بۆیە زۆر پێویستە هێزە سیاسییە كوردستانییەكان هەموو كێشەو ناكۆكییەكانیان وەلابنێن و بەگیانی یەكترقبوڵكردن و لێبووردەیی لە تەك یەكتردا مامەڵە بكەن و كار بۆ یەكڕیزی نیشتمانی و یەكخستنی خیتابێكی سیاسی نیشتمانی بكەن، خۆ ئەگەر وانەكەین بەم شێوازەی ئێستا پەرتەوازەو لێكترازاو بمێنینەوە ئەوا چارەنووسی ئەزموونەكەشمان بە ناڕۆشنی دەمێنێتەوەو بەرەو داهاتوویەكی نادیار دەمانبات".
ناوبراو جگە لە سوپاسی ئەو کەسانە دەکات کە هەواڵی تەندروستیان پرسیووەو بەسەریان کردۆتەوە، پیرۆزبایی ساڵی نوێش لە خەڵکی کوردستان دەکات.




PM:08:30:24/12/2017