بەڕێوەبەرانی پەرەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا داوایەک ئاڕاستەی بەڕێوەبەری خوێندنگەکان دەکات

بەڕێوەبەرانی پەروەردەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی، داوای لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەکەن کە کار ئاسانی بۆ دەوامی مامۆستایان دا بکەن.


نازدار ئەحمەدکریم، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات و بەکر محەمەد مەحموود، بەڕێوەبەری پەروەدەی ڕۆژئاوا لە پەیامێکی هاوبەشدا داوا لە به‌ڕێوەبەرەی خوێندنگاکان دەکەن کە ئاسانکاری بۆ مامۆستایان بکەن لە شێوازی دەوامکردنیان، تا دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم کە لە 7ی كانوونی دووه‌می 2018 دا دەستپێدەکات.

دەقی پەیامەکەی بەڕێوەبەرانی پەروەردەکانی رۆژھەڵات و رۆژئاوای سلێمانی...

پەیامێک بۆسەرجەم بەڕێوەبەرەبەڕێزەکانی سنووری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات

مامۆستایانی خۆشەویست.. وەک دەزانن لەناو کێشمەکێشی قەیران و ناهەمواری باری گوزەرانی مامۆستایان و دەوامی مامۆستایان بۆ تەواوکردنی ساڵی خوێندن دەزانین مامۆستایان زۆر ماندوون، بەڵام ئەوەی ئێستە ئەرکی سەرشانی هەمووانە لە  ئێستادا دەبێت دەوامی قوتابخانە و خوێندنگەکان ڕەچاو بکەین و ئەو ماوەیەی کە ماومانە لە وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندن ئەرکە پەروەردەییەکانمان جێبەجێبکەین، چونکە خواست و داوای ژمارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەر و مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیان و خوێندکارانیشە، بۆیە دەمانەوێت ئەم پەیامە ڕابگەیەنین بۆ بەڕێزتان:

1- داوا لە به‌ڕێوەبەرەبەڕێزەکان دەکەین چەندی دەکرێت کارئاسانی بکەن بۆ مامۆستایان لە شێوازی دەوامکردنیان، هەتا دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم کە لە 2018/1/7 دا دەستپێدەکات.

2- لیژنەی تاقیکردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەکان ڕێککاری ئەنجامدانی تاقیکردنەوە نوسینەکییەکان لە ڕێکخستنی کەرتەکان و دانانی خشتەی تاقیکردنەوە و ئامادەکردنی پرسیارەکان بەشێوەیەکی یاسایی، ئەنجام بدەن.

3- ئەو مامۆستا بەڕێزانەی ناتوان هاتووچۆ بکەن یان لەبەر هەر هۆکارێک ئامادە نابن، تکایە لەلایەن دەستەی کارگێڕیی و مامۆستایانی ترەوە کارەکانیان تەواو بکەن (ئەوەندەی دەکرێت)، بەتایبەتی لە دانانی پرسیاردا دەتوانن لە ڕێگەی لیژنەی پسپۆڕی بابەتەکانیانەوە پرسیارەکان ئامادە بکرێن.

4- سەرپەرشتیارانی بەڕێزیش هاوکارتان دەبن بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانتان و بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم.

ئێمە دڵنیاین لە توانا و کارامەیی بەڕێوەبەرە بەڕێزەکان، بەڵام لەبەر بڵاوبوونەوەی هەواڵی جۆراوجۆر سەبارەت بە دەوام، پێدەچێت ئەم پەیامەمان پێویست بووبێت، هیوادارین هەمووان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەین لەگەڵ دۆخی خوێندن بۆ ئەوەی چارەنووسی پرۆسەکە و قوتابیان و خوێندکاران لە مەترسی بەدوور بێت، جارێکی تر بەگیانی بەرپرسیارێتی دوور لەهەر لێکدانەوەیەکی هەڵە ئەم پەیامەمان قبووڵ بکەن.

نازدار ئەحمەدکریم: بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات
بەکر محەممەد مەحموود: بەڕێوەبەری پەروەدەی ڕۆژئاوا



PM:12:51:25/12/2017