سەرۆكی پەرلەمان دەستی لەكاركێشایەوە

یوسف محەمەد، لەكاتی خوێندنەوەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەیدا سەروەت و سامانەكەی ئاشكراكرد و ڕاشیگەیاند "نەچوینە ژێر باری ھیچ كارێكی نایاسایی بۆ پەرلەمان پەكخرا".

لەچوارچێوەی خوێندنەوەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لەسەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ھێرشی توندی كردەسەر حكومەتی ھەرێم و ڕایگەیاند، "جگە لەڕاگەیاندنی شكستی خۆیان ھیچ دەرچەیەكی دیكەیان لەبەردەمدا نەماوە"، دەشڵێت:"نەچوینە ژێر باری ھیچ كارێكی نایاسایی بۆ پەرلەمان پەكخرا".

ئەمڕۆ 26ی كانونی یەكەمی 2017 لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لەگردی زەرگەتەی سلێمانی و لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، د.یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی خوێندەوە و ھێرشی توندیكردەسەر حكومەتی ھەرێمی كوردستان و بەحكومەتێكی "شكستخواردوو" ناوی برد و جەختیكردەوە، "جگە لەڕاگەیاندنی ئەو شكستە، حكومەت ھیچ دەرچەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نەماوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان لەژیانێكی سەختدا دەژین، بۆیە "من ئەمڕۆ بەفەرمیی دەست لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكشێمەوە و پەیمان دەدەم لەسەر ئامانج و داواكارییەكانی خەڵك بەردەوامدەبم لەداكۆكیكردن لێیان".

جەختیشی كردەوە "مانەوەی ئەم حكومەتەی ئێستا، ھەرچی زیاترە كوردستان دەخاتە مەترسی گەورەترەوە كە دەكرێت بڵێین سبەینێ بۆ گۆڕانكاریی درەنگە، بۆیە ئێمە لەسیستمی حوكمڕانی كشاوینەتەوەو بڕیارمانداوە ببینە ئۆپۆزسیۆن".

پێشیوایە "پەرلەمان ئێستا بەقۆناغێكی زۆر مەترسیداردا تێدەپەڕێت، لەئێستادا ھەوڵدەدرێت پەرلەمان دەستەمۆ بكرێت و بكرێتە دەزگاكانی سیستمی دیكتاتۆری"، ئاشكراشیكرد، "دوای ڕەزامەندی جڤاتی نیشتیمانی، ئەمڕۆ بەیەكجاری دەستلەكاركێشانەوەی خۆم لەسەرۆكی پەرلەمان ڕادەگەیەنم".

یوسف محەمەد لەبارەی سەروەت و سامەنەكەشیەوە ڕایگەیاند "نە خۆم، نە خێزانم خاوەنی یەك بست زەوی نین لەم سەر گۆی زەویە، تەنها ئۆتۆمبێلێكی جۆری كامریم هەیە".



PM:12:18:26/12/2017