"سپی" دوایین زانیاری لەبارەی دەسپێكردنەوەی پەخشی ئێن ئاڕتی ئاشكرادەكات

بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی میدیای نالیا ڕایدەگەیەنێت، بۆ دەستپێكردنەوەی پەخشی ئێن ئاڕتی چاوەڕوانی وەزارەتی رۆشنبیری دەكەن بۆئەوەی كۆتا بڕیار بدات.

ئاوات عەلی، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی میدیای نالیا لەبارەی وادەی دەستپێكردنەوەی پەخشی كەناڵەكەیان كە بەپێی سزا ڕاگەیەندراوەكە دەبێت ئێوارەی ئەمڕۆ بكرێتەوە  بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند " سەرەڕای ئەوەی ئەم ئێوارەیە ئەو وادەیە تەواو دەبێت كە وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ڕاگرتنی كەناڵەكانی دامەزراوەی میدیایی نالیای دیاریكردبوو، بەڵام تاوەئێستا چاوەڕوانی وەزارەتی رۆشنبیری دەكەین بۆئەوەی بڕیار لەبارەی پەخشی كەناڵەكانەوە بدات و ئەمڕۆ وەڵاممان دەدەنەوە".

ئاوات عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "تا ئێستا بیناكە لەژێر دەسەڵاتی خۆماندا نیە و  نازانین كە ئایا لەو چەند كاتژمێرەی داهاتوودا دوا بڕیار چی دەبێت".

بە پێی بڕیاری ژمارە (5002) لە 19ی كانوونی یەكەمی 2017وە بە بڕیاری خالید عەبدولڕەحمان دۆسكی، وەزیری رۆشنبیریی و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاردراوە بە راگرتنی پەخشی كەناڵەكانی  ئێن ئاڕتی بۆ ماوەی هەفتەیەك و ئێوارەی ئەمڕۆش ئو وادەیەی كۆتایی پێدێت.



PM:02:58:26/12/2017