سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەبەرژەوەندی کورد مەرجێک بەسەر بەغدا دەسەپێنێت

سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی بە مەرج قەرز بە عێراق دەدات و یەکێک لە مەرجەکانیش ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانە لە ساڵی 2018.


مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگەیاند، له‌ دواكۆبوونه‌وه‌یدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی دوو مه‌رجی بۆ پێدانی قەرز بە عیراق داناوە‌، کە یه‌كه‌میان راگرتنی بڕیاری بانكی ناوه‌ندیی عیراق‌ له‌بارەی وه‌ستانی مامه‌ڵه‌ی دراو له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، واتە هه‌ڵگرتنی ئابڵوقه‌ی دارایی بە سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.

هه‌روه‌ها مەرجی دووەمی سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی دابینكردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانە له‌ بودجه‌ی 2018، هاوکات جه‌ختیان لەسەر ئەوەشكردووه‌ته‌وه‌، تا به‌غدا ئه‌و مه‌رجانه‌ جێبه‌جێ نه‌كات، قه‌رزی پێناده‌ن.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حکومەتی هەرێم چەندین جار ئامادەیی خۆی نیشانداوه‌ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، به‌ڵام تا ئێستا به‌غدا ئاماده‌ی ئه‌نجامدانی گفتوگۆ نییه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای فشاره‌ نێودەوڵەتییەکانیش كه‌ بۆ ئەم مەبەستە لەسەر حکومەتی عیراق زیاتربوون و عه‌بادیش لێدوانه‌كانی نه‌رمتر كردووه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌ی هه‌فتانه‌یدا، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند "دەستمانکردووە بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بە فەرمانبەرانی سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم دەستمانپێکردووە، ئێستا ووردبینی لە فەرمانبەرانی پەروەردە و تەندروستی دەکرێت، داوا لە هەرێم دەکەین لەو چوارچێوەیەدا هاوکاری تەواو بکات".



AM:09:11:28/12/2017