به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان رایگەیاند لیستی مووچەی فەرامنبەرەكانیان بەبێ پاشەكەوت بۆ بەغدا رەوانە دەكەن داواش دەکات فەرمابەرەکانی سبەی کە هەینیە لە دەوامدابن.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان له پەیجی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی (ژمێریاریی مووچه و پلان و هاتوو و ده‌رچوو و وردبینی) له دیوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و سه‌رجه‌م نه‌خۆشخانه و مه‌ڵبه‌نده ته‌ندروستیه‌كانی سنوری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی ئاگادار كردۆتەوە كە سبه‌ی هه‌ینی له ده‌زگاكانی خۆیان ئاماده بن به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌بێ پاشه‌كه‌وت.
ئەوەشی خستۆتەڕوو كە هۆکاری ئامادەبوونیان لە دەزگاکانیان بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەیە بەمەبەستی ناردنی بۆ حكومه‌تی عێراقی و خەرجکردنی مووچەکانیان.
هاوکات ئێوارەی ئەمڕۆ عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی، ڕایگەیاندووە "داوامان لێكراوە بەپەلە لیستی ناوی سەرجەم پزیشك و كارمەندان ئامادە بكەین، بەمەبەستی دابینكردنی موچەی وەزارەتی تەندروستی لەلایەن بەغداوە بەبێ پاشكەوت".
وتیشی: سەرباری ئەوەی سبەینێ هەینییە، بەڵام سەرجەم بەشی ژمێریاری و وردبینی فەرمانگەكەمان راسپاردووە كە دەبێت دەوام بكەن و لیستی مووچە بۆ مانگی 12 ئامادە بكرێت.
رۆژی سێشەممە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند كە دەستیانكردووە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان و وردبینیش لە لیستی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیدا دەكەن.