شەڕی میدیایی نێو باڵەکانی یەکێتی بەردەوامە
سیروان کوێخا نەجم وەڵامی شیخ جەعفەر دەداتەوە

شەڕی میدیای نێو باڵەکانی یەکێتی بەردەوامەو ئێستا شەرەکەیان لە میدیاکانی خۆیان و لۆکاڵەکانەوە گواستۆتەوە نێو میدیا جیهانییەکان. لەدوا شەڕی میدیای ئەو باڵانەدا سیروان کوێخا نەجم هێرشدەکاتە سەر شێخ جەعفەرو وەڵامی لێدوانەکانی دەداتەوە لە رادیۆی دەنگی ئەمەریکاوە.

سیروان كوێخا نەجم ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی، وەڵامی شێخ جەعفەر مستەفای ئەندامی مەكتەب سیاسی پێشووی حزبەكەی دەداتەوە، كە گروپێكی نێو یەكێتی بە "خیانەت” كردن‌و فرۆشتنی كەركوك‌و دەست هەبوونیان لەپشتی خۆپیشاندانەكانی كوردستانەوە تۆمەتباركردبوو.
سیروان كوێخا نەجم لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا، دەڵێت " ئەوانەی تێكۆشەرەكانی نێو یەكێتی "بەخیانەت كردن‌و فرۆشتنی كەركوك تۆمەتباردەكەن، ئەوانە هەموو تەمەنیان خیانەتەو دەیانەوێت عەیبەكانی خۆیان داپۆشن”.
سیروان كوێخا نەجم راشیگەیاند "تێكۆشەرەكانی ناو یەكێتی لەلایەن خەڵكانێكەوە تۆمەتباردەكرێن، كە ئەو خەڵكانە ئیعاز لەخەڵكی تر وەردەگرن، ئەگینا لەمەسەلەی كەركوكدا خیانەت نەكراوە، بەڵكو مەسەلەكە نابەرانبەری هێز بووە.”
ئەو ئەندام سەركردایەتیەی یەكێتی، ئاماژەی بەوەشكرد ئەوان وەكو ٣٨ ئەندامی سەركردایەتی‌و مەكتەب سیاسی لەكۆبوونەوەكەی دوكان دا ئیمزایان كۆكردووەتەوە، تا لەگەڵ عێراقدا رێككەوتن بكرێن‌و بەهاوبەشی ناوچە كێشەلەسەرەكان بەرێوەببرێت، "تا مەسەلەكان نەگەنە بەكارهێنانی هێز لەلایەن بەغداوە، كەچی گوێیان لێنەگیراوە، دەپرسێت، ئەی ئەوە بۆچی بەخیانەت نازانن؟.”
پێشتر شێخ جەعفەرشێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی ٧٠ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشێك لەحزبەكەی تۆمەتباركردبوو بەوەی "هەماهەنگی‌و ڕێكەوتنیان هەیە، تا سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی بهێننە ناو شارەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی كەركوك بەوتەی ئەو خیانەت بكەنەوە”.
سەبارەت بەهۆكاری تۆمەتباركردنی گروپێكی نێو یەكێتی بە "فرۆشتنی” كەركوك لەلایەن شێخ جەعفەر شێخ مستەفاوە لەكاتێكدا ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەمان حزبە، سیروان كوێخا نەجم رایگەیاند "شێخ جەعفەر ئەندامی مەكتەبی سیاسی نییە، یەكێتی مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاندووەتەوە، ئێستا هەموومان ئەندامی سەركردایەتین.”
هەروەها رایگەیاند "كاك جەعفەر هەندێك قسەدەكات، من نازانم سەرچاوەی قسەكانی كوێیەو بۆچی دەیكات، چونكە خۆیم نەبینیوە، بەڵام دەبوایە كاك جەعفەر ئەو قسانەی لەكۆبونەوەی سەركردایەتی بكردایە، چونكە تۆمەتەكانی ئاسان نین .”
شێخ جەعفەر ئەو بەشەی یەكێتیشی تۆمەتباركردبوو بەوەی دەستیان لەپشێوی‌و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكانی سلێمانیدا هەبووە.
سەبارەت بەو قسانەی دەوترێن، كە گوایە دەستی گروپێكی نێو یەكێتی لەپشت ئاڵۆزی نێو خۆپیشاندانەكانەوەیەو ئامانج لێیان پەلكێشكردنی حەشدی شەعبی‌و عێراقە بۆ رادەستكردنی هەرێمی كوردستان، سیروان كوێخا نەجم ئەوەی خستەڕوو، كە ئەو قسانە دوورن لەراستییەوە، چونكە هۆكاری خۆپیشاندان و نارەزایەتیەكان گیرفان بەتاڵی فەرمانبەران‌و خراپی دۆخی ئابووری‌و كەم توانایی حكومەتی هەرێمە، وتی: "ئەوانەشی بارەگایان سوتاند، فیعلەن دەستێكی نێوخۆیی بەهێز لەپشتیانەوە هەبوو، هەروەها دەستی دەوڵەتانی دراوسێش لەگرژیەكاندا هەبووە.”
ئەو سەركردەیەی یەكێتی هۆكاری هێرشكردنە سەر یەكتری لەلایەن بەرپرسانی حزبەكەیەوە بۆ "بێ باوكی” دەگێرێتەوە، دەڵێت: "ماڵ بێ باوك بوو، دەبێتە فرەكابان، ئێمە وەكو یەكێتی باوكمان نەماو فرە كابانین.”
دەشڵێت "ئێمە لەسەركردایەتی بڕیاری باشمان دا و ویستمان مەكتەبی سیاسی هەڵوەشێنینەوە، كە لەدوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال پێ بەپێ یەكێتییان بەرەو بچووك بوونەوە برد، كەچی كۆمەڵێك دەسەڵاتیان بەسەر یەكێتیدایە و ناهێڵن چاكسازی بكەین.”



PM:05:54:30/12/2017