پەرلەمانتارێک: حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە پێدانی مووچە

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بە پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێم و ئەو کارەش هەنگاو بە هەنگاو دەبیت.


نەوزاد رەسوڵ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی،  بە "خەندان"ی راگەیاندووە "جاری یەكەم لە سەر فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە هەردوو وەزارەتی تەندروستی، و پەروەردە دەستی پێكردووە، ئومێد بەخشە لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی سەختدا تێپەردەبێت، هەر هەنگاوێك لەم بوارە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان دەبێت ئومێدمان پێی هەبێت".

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ڕونیشیكردەوە ووردبینی لە لیستی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە، و تەندروستی لەلایەن بەغداوە دەكرێت، و مەرج نییە داوای لیستی فەرمانبەرانی هەموو وەزارەتەكان بەیەكەوە بكرێت، و ئەم كارە "هەنگاو بەهەنگاو دەبێت".

وتیشی "بە بۆچوونی من لە سەرەتاكانی ساڵی نوێ ووردبینی تەواو لە لیستی موچەی ئەو دوو وەزارەتە دەكرێت،ئەگەر وەكو سلفەش بێت حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بە پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێم".

ئەوەشی خستەروو، یەكێك لە مەرجەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كە قەرز بدات بە عێراق ئەوەیە دەبێت بەشە بودجەی هەرێم بە %17  لە بودجەی ساڵی 2018 عێراق جێگیربكات.

وتیشی "هیوادارم راستگۆ بین لەگەڵ عێراق، و بتوانین ئەو لیستانەی كە ئامادەیان دەكەین و دەینێرین بۆ بەغدا دوور بێت لە ناوی دووبارە، و دوو موچە، و سێ موچە تێدا نەبێت".



PM:01:19:01/01/2018