یەپەگە: پلان داڕێژەری تەقینەوە گەورەکەى قامیشلۆ کوژرا

 

دژە تیرۆرى ڕۆژئاواى کوردستان بەرپرس و پلاندارێژەرى ئەو تەقینەوەیەى شارى قامیشلۆیان کوشت، کە بوو بووە هۆى شەهیدبوونى ٥٨ هاووڵاتى.


ناوەندى ڕاگەیاندنى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) بڵاویکردەوە، حسێن عاید بلیبل ناسراو بە ئەبو وەلید بەرپرس و پلاندارێژەرى تەقینەوەکەى ساڵى ڕابردووى قامیشلۆ لە ئۆپراسیۆنێکى تایبەتى یەکەى دژە تیرۆر لە دێرەزۆر کوژرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو پلاندارێژەرەى تەقینەوەکەى قامیشلۆ لە ڕووداوەکانى سوریادا بووەتە ئەندامى بەرەى نوسرە. دواتر لە ساڵى ٢٠١٣ دا چووەتە ناو چەکدارەکانى داعش و لە زۆرێک لە ناوچەکانى ژێردەستى داعشدا وەک بەرپرسى ئەمنى کاروباری ئەو گروپە چەکدارییەی بەڕێوەبردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەبوو وەلید هاوکات پلەى ئەمیرى لە ناو چەکدارەکانى داعشدا هەبووە و لە دواى ڕزگارکردنی ناوچەکانى تەل حەمیس و تەل بەراک لە دەست چەکدارەکانى داعش، بووە بە بەرپرسى ئەمنیى شەدادێ و لە دواى ڕزگارکردنى شەدادێ هەڵهاتووە بۆ  ڕەقە و لەوێ دەستیکردووە بە دانانى پلانى تەقینەوە لە شوێنە گشتییەکان و ناو هاووڵاتیاندا.

باسى ئەوەشکراوە، ئەو ئەمیرەى داعش لە ڕەقە بەرپرسیارێتیى تەقینەوە و کردەى خۆکوژیى لە هەرێمى جزیرەى ڕۆژئاواى کوردستان پێسپێردراوە و لە دواى ئەوەش لە تەقینەوە خۆکوژییەکەى ڕۆژی ٢٧ى تەمووزی ٢٠١٦ى لە قامیشلۆ لە دژى هاووڵاتیان ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە ٥٨ هاوڵاتى شەهید بوون و ١٧٧ هاووڵاتیى تریش برینداربوون.

بەپێى ئەو ڕاگەیاندراوەى یەپەگە، لە دواى ئەوەى ڕەقەش لەلایەن شەڕڤانانەوە لە دەست چەکدارەکانى داعش ڕزگارکرا، ئەو بەرپرسەى کردە خۆکوژیەکانی داعش بەرەو دێرزۆر هەڵهات و لەوێشەوە بەشداریى لە زۆربەى هێرشەکاندا لە دژى شەڕڤانان کردووە.

لە بەشێکى ترى ڕاگەیاندراوەکەى یەپەگەدا هاتووە، لە دواى شوێنپێ هەڵگرتنى ئەبو وەلید و دۆزینەوەى شوێنەکەى لە شارۆچکەى بوسەیرە لە دێرەزۆر، یەکەکەى دژە تیرۆر (یات) ڕۆژی ١٠ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ ئۆپراسیۆنێکى تایبەتى لە دژى ئەنجامدا و لەو ئۆپراسیۆنەدا، ئەبو وەلید کوژرا.

ڕۆژى ٢٧ى تەمووزی ٢٠١٧ چەکدارێکى خۆکوژى داعش ئۆتۆمبێلێکى بارهەڵگرى پڕ لە تەقەمەنیى لە گەڕەکى غەربیى قامیشلۆدا تەقاندەوە و بەو هۆیەوە ٥٨ هاووڵاتى شەهیدبوون و ١٧٧ هاووڵاتى تریش برینداربوون و چەندین بینا و دوکانیش ڕووخان.



PM:04:00:01/01/2018