دەمیرتاش باس لە کاندیدبوونی بۆ سەرۆکی کۆماری تورکیا دەکات

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش كە چاوەڕوان دەكرا لە هەڵبژاردنی 2019دا خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری توركیا كاندید بكاتەوە، رایگەیاند هیچ پلانێكی نییه‌ بۆ خۆ كاندیدكردنی بۆ هیچ پۆستێك.


له‌ دیمانه‌یه‌كیدا كه‌ له‌ زیندانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (بێڵد)ی ئه‌ڵمانی ئەنجامی داوە، ده‌میرتاش له‌باره‌ی خۆ كاندیدكردنی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی توركیا له‌ 2019دا ده‌ڵێ "من كه‌سێكی خه‌باتگێڕم، له‌ هه‌ر شوێنێك بۆ هه‌ر شوێنێك كاندید بكرێم گرنگ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌ لای منه‌وه‌ بۆ ئاشتی و دیموكراتی له‌ خه‌باتكردن به‌رده‌وام ده‌بم، ئێستاش هیچ پلانێكم نییه‌ بۆ ئەوەی بۆ هیچ پۆستێك خۆم كاندید بكه‌م".

باس لەوەش دەکات كه‌ ماوه‌ی 14 مانگه‌ له‌ زیندانه‌ و 34 داوای له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا رێگه‌یان نه‌داوه‌ بچێته‌ به‌رده‌م دادگا، بۆیه‌ پێیوایه‌ دادگاكانی توركیا بێلایه‌ن نین و هه‌موویان له‌ ژێر فه‌رمانی ئاكپارتیدا بڕیار ده‌ده‌ن.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکى ئەو کاتى هەدەپە لە ڕۆژى ٤ى تشرینى دووەمی ٢٠١٦ەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستگیر و زیندانیکران.

 

تا ئێستا داواکارى گشتیى تورکیا ٩٣ سکاڵای لە دژى دەمیرتاش تۆمارکردووە و جارێکیش داوایکردووە دەمیرتاش دوو جار زیندانى هەتاهەتایى و ٤٨٦ ساڵ زیندانى بکرێت و جارێکیتریش داوایکردووە، دەمیرتاش ١٤٢ ساڵ زیندانى بکرێت و تا ئێستاش سکاڵاکان و پرۆسەى دادگایى بەردەوامیى هەیە.



PM:09:21:01/01/2018