پۆلیسی گەرمیان: گەنجێك دوو خوشكی خۆی كوشت

پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند"گەنجێک لە قەزای کەلار دوو خوشکی خۆی کووشت و زاواکەشی بریندار کرد".

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕائیدی مافپەروەر، عەلی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا كە لە پەڕەی پۆلیسی گەرمیان کە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە دەلێت " نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەرەکی سەدماڵی قەزای کەلار گەنجێك تەقەی لە خوشك و زاوایەكی كردووە و لە ئەنجامدا دوو خوشكی خۆی كوشتووە و زاواكەشی بریندار كردووە و گەنجەكەش هەڵهاتووە".

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەدرێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت " گەنجەکە بەدەمانچە تەقەی لەخوشك و زاوایەكی كردووە، دوای گەیشتنی مەفرەزەكانی 104ی كەلار بەشوێنی ڕووداوەكە و گەیاندنی تەرم و بریندارەكان بەبەشی فریاكەوتنی شەهید هەژار چارسەری پێویست بۆ بریندارەكە كراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە "لەئێستادا ڕوون نییە هۆكاری ڕوداوەكە چی بووە، پۆلیس دەستی بەلێكۆڵینەوە كردووە و تاوانبار هەڵاتووە و گەڕان بەدوای تاوانبارەكەدا دەستی پێكردووە".




PM:02:20:03/01/2018