وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەفین دەزیی رایگه‌یاند " ئێستا باس له‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ناكرێت" ئەو وتیشی" ئه‌وه‌ی هه‌یه پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كه بۆ گفتوگۆکردن و وردبینی کردن لەگەڵ به‌غدا".
سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند "ئێستا باس له‌ناردنی موچه ناكرێت به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كه له‌به‌غدا له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كان به‌مه‌به‌ستی پێداچونه‌وه‌ی میلاكی وه‌زاره‌ته‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یان له‌هه‌رێم كرد".
وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتیشی "نوسراوی فه‌رمی حكومه‌تی عیراقی له‌و رووه‌وه ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كرا، حكومه‌تی هه‌رێمیش ره‌زامه‌ندی نواند له‌سه‌ر ناردنی به‌ڕێوه‌به‌ری پلاندانان له هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌دوای پڕۆسه‌ی ریفراندۆمه‌كه‌ی 25ی ئه‌یلولی ساڵی رابردوو به‌رده‌وام به‌غداد باسی له‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، ئایا به‌غدا ئه‌مجاره به‌كردار موچه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده ده‌نێرێت؟ سه‌فین دزه‌یی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه "ئێمه له‌سه‌ره‌تای ئه‌و ناكۆكیانه و بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه كێشه‌كان به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ربكرێت، بۆیه كه ئێستا به‌غداد ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ناوه ناكرێت ئێمه ئه‌و گومانه‌ی لێبكه‌ین".
وتیشی: "هیوادارین به‌غدا موچه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌تانه و وه‌زاره‌ته‌كانیش بنێرێت چونكه ناردنی موچه و به‌شه بودجه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم واتای جێبه‌جێكردنی ده‌ستور و ئه‌و رێكه‌وتننامانه‌ی پێشتر له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌بووه".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "ئه‌گه‌رنا دانی موچه واتای سه‌ده‌قه‌كردن نییه به هه‌رێم یا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده یاخود وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌وه له‌و شایسته داراییانه‌یه كه مافی هه‌رێمه".
ده‌رباره‌ی داواكاری به‌غداد بۆ پێداچوونه‌وه به لیستی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه كه "راسته ره‌نگه له هه‌رێمی كوردستان دوو موچه و سێ موچه هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه به‌خودی یاسا رێكخراوه ته‌نانه‌ت له خودی عیراقیش ئه‌وه به یاسا رێكخراوه، بۆ نمونه كه‌م ئه‌ندام و زیندانی سیاسی كه مینحه‌یه‌كیان هه‌یه، به‌ڵام دواجار كه به‌یاسا ئه‌و مینحه‌یه‌ی پێدرابێت ئه‌وه ره‌وایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازی ئاماده‌كردووه بۆ پێداچوونه‌وه به‌و مینحانهدا".
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شدا كه ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیراق مه‌رجی ئه‌وه‌بوو كه موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم خۆی راسته‌وخۆ دابه‌شی بكات؟ سه‌فین دزه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "حكومه‌تی هه‌رێم هه‌میشه هه‌وڵی داوه مامه‌ڵه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم راسته‌وخۆ بێت هه‌روه‌ك چۆن به‌ندی ده‌ستوری ئه‌وه‌ی بۆ دیاریكردووه، چونكه حكومه‌تی هه‌رێم قه‌واره‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستوریه".
وتیشی: "ئه‌گه‌ر هاته سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدا وتی من موچه ده‌ده‌مه فه‌رمانبه‌ران و موچه خۆرانی ته‌ندروستی یا په‌روه‌رده ڕاسته‌وخۆ بێ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه به‌ڕاستی ئه‌و گه‌مه‌یه نابێت به‌هه‌ست و قوتی خه‌ڵك بكرێت".
روونیشیكرده‌وه كه "هه‌روه‌ك چۆن له‌پێشوتر له رێگای وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شه بودجه ده‌نێردرا ئاواش ئه‌مجاره به‌وجۆره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر هاته سه‌ر ئه‌و مه‌رجه ئه‌وكات هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وه‌ش به رێگای گفتوگۆ ده‌ده‌ین".
راشیگه‌یاند كه "له‌م ماوه‌یه‌ی رابردوودا چه‌ند جارێك له‌سه‌ر ئاستی ئه‌منی و هه‌روه‌ها ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ره‌گه‌زنامه و پاسپۆرت كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی ئه‌نجامدرا، هه‌فته‌ی رابردوش وه‌فدێكی حكومه‌تی به‌غدا له هه‌ولێر بوون، هه‌روه‌ها به‌و وتار و لێدوانانه‌ی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئه‌رێنی دروستكردووه هیواداین ئه‌وه به‌ته‌نها به گوتار نه‌بێت به‌كرداریش بێت".