دوای وەرگرتنی موچە دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا

لەكاتی هاتنەوەیان لە وەرگرتنی مووچە، دوو پێشمەرگە تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن و گیانیان لەدەستداوە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا راگەیاند، سێ پێشمەرگە دوای گەڕانەوەیان لە مووچە وەرگرتن لە شەقامی مەخمور- هەولێر توشی رووداوی هاتوچۆ بوون و یەكێك لە پێشمەرگەكان بەناوی (ئیحسان وەلی) تەمەن 43 ساڵ دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و دوو پێشمەرگەكەی تریش بە سەختی بریندار دەبن.

وتیشی "یەكێك لەو پێشمەرگانەی بریندار بوو بەناوی دارا ناسح ئەحمەد تەمەن 26 ساڵ بەهۆی سەختی برینەكەیەوە ئەمڕۆ بەیانی گیانی لەدەستداوە".

هۆگر عەزیز، روونیشیكردەوە، هۆكاری رووداوەكە شوفێری ئۆتۆمبێلێكی جۆری (BMW) بوو، بەناوی تەها حەسەن رەمەزان، تەمەن 26 ساڵ، كاتێك ویستویەتی پێشبڕكێ لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بكات، پێچەوانەی شەقام هاتووە و خۆی كێشاوە بە ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەكاندا كە لە جۆری هیوندای سۆناتا بووە و لەئەنجامی رووداوەكە شۆفێری (BMW)ەكەش گیانی لەدەستداوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوەكە كردۆتەوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.



PM:12:03:08/01/2018