عەبادی: پابەندین بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێ شەممە ڕایگەیاند، داهاتی هەرێم لە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ساڵی ٢٠١٧دا گەیشتووەتە ٩ ترلیۆن دینار، کە دەکاتە نزیکەی ٧ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار وتیشی "پابەندین بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم".


حەیدەر عەبادی لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند "ئەو داهاتانەی کە هەرێمی کوردستان لە نەوتی فرۆشراو دەستی کەوتووە، لە حساباتی هەرێمی کوردستاندا تۆمارنەکراوە".

وتیشی "داهاتەکانی هەرێم کە لە ساڵی ڕابردوودا لە نەوتی فرۆشراو دەستیکەوتووە و ئاشکرایکردووە ، گەیشتووەتە ٩ ترلیۆن دینار، بەڵام داهاتی دیکەش هەیە کە ئاشکرا نەکراوە".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا عەبادی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد، کە جددی نین لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان لە جێبەجێکردنی دەستوردا، جەختیشیکردەوە حکومەتی فیدراڵی پابەندە بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەک حزبەکان.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانیش عەبادی دووپاتیکردەوە کە هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

دەربارەی پرۆژە یاسای بودجەش سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دواخستنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ ئیحراجکردنی حکومەتە و هۆکارەکانیش کە پەسەند ناکرێت جێی باوەڕپێکردن نیین.

ئەو وتانەی عەبادی دوای ئەوە دێت ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "پێمان وایە دانیشتن و گفتوگۆی جددی، ڕێگەی ڕاستی چارەسەركردنی كێشه‌كانە، نەك قسە و لێدوانی ڕۆژنامەوانی كەوا بۆ نزیكەی سێ مانگە بەردەوامە و بە كردەیی هیچی لێ بەرهەم نەهات. جاری دووەمە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانیدا بەڕێز عەبادی باس لە بەرهەمێهێنان و فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و ژمارەی نادروست دەخاتەڕوو".



PM:08:03:09/01/2018