ژمارەیەکی کەناڵی ناوخۆیی دادەخرێن

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم لە رۆژی 20ی ئەم مانگەوە رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر كەناڵە ناوخۆییەکانی راگەیاندن دەگرێتەبەرو ژمارەیەكی زۆر لەكەناڵەكان دادەخرێن.

محەمەد گەردی بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە رادیۆی نەوای راگەیادووە "دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە كەناڵەكانی راگەیاندن پابەندنەبون بە نوێكردنەوەی گرێبەستی كاركردنیان و پێدانی ئەو بڕە پارەیەی قەرزاری وەزارەتی رۆشنبیرین و بڕەكەی دەگاتە نزیكەی 3 ملیار دینار، بەپێی رێنماییەكان رێوشوێنی یاساییان لەگەڵدا دەگیرێتەبەر". 
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە وتیشی "رۆژی 5ی ئەم مانگە وەك دوا وادە دیاریكرابو بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە و نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیان، بەڵام كەناڵەكانی راگەیاندن بە حزبی و ئەهلی و ئۆپۆزسیۆنەكانیشەوە، پابەندی وادەكە نەبون و قەرزەكەیان رەوانەی وەزارەتی رۆشنبیری نەكردۆتەوە".

بەوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانە رەزامەندی دراوەتە وەزارەتی رۆشنبیری بەپێی رێنماییەكان، رێكارەكان لەگەڵ كەناڵەكاندا بگیرێتەبەر و رۆژی 20ی ئەم مانگەش ژمارەیەكی زۆر لە كەناڵی راگەیاندن بەسەرجەم جۆرەكانیەوە دادەخرێن.
لە هەرێمی كوردستان 143 رادیۆ و 93 كەناڵی لۆكاڵ و 34 كەناڵی ئاسمانی بونیان هەیەو بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەش لە وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێم، ژمارەیەك كەم لە كەناڵەكان پابەندی نوێكردنەوەی موڵەتی كاركردنیان بون.



AM:09:47:14/01/2018