داھاتی زیاتر لە دوو مانگ حکومەتی ھەرێم ئاشکرادەکرێت

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان داھاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەماوەی 80 ڕۆژدا ئاشکرادەکات و ڕاشیدەگەیەنێت، "بەگوێرەی ئەو بەدواداچونەی کردومانە ئەگەر ھەرێم دۆسیەی فرۆشتنی نەوت و داھاتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات، موچەی سەرجەم وەزارەتەکان پاش وردبینی ڕەوانە دەکرێت".


عەلی حەمە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاشكرایكردوە، بەگوێرەی ئەو بەدواداچونەی كردویانە، ئەگەر حكومەتی هەرێم دۆسیەی فرۆشتنی نەوت و داهاتەكەیی و داهاتە فیدراڵیەكان ڕادەستی بەغدا بكات، موچەی سەرجەم وەزارەتەكان پاش وردبینی ڕەوانە دەكرێت.

ئەوەشی ڕونكردۆتەوە، "بەهۆی ئاڵۆزیی دۆسیەی نەوت و دیارنەبونی ئەو پارانەی بەفرۆشتنی نەوت بەپێشوەخت وەرگیراون، ئەگەری زۆرە هەرێم ئامادەنەبێت نەوتەكەی ڕادەست بكات".

سەبارەت بەداهاتی حكومەتی هەرێم لەماوەی 80 ڕۆژی ڕابردودا، عەلی حەمەساڵح وتی "80 ڕۆژە حكومەتی هەرێم 24 ملیۆن و 160 هەزار بەرمیل نەوتی لەناوخۆو بەبۆری فرۆشتوە".

لەبارەی داهاتەكەشی ئاشكرایكردوە، یەك ملیارو 208 ملیۆن دۆلار بوە، بە50 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێكیش حساب كراوە، لەو بڕە پارەیەش تەنها یەك موچە دراوە كە 540 ملیۆن دۆلارە، كەواتە 668 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت نادیارە لەم 80 ڕۆژەدا.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەچارەنوسی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم كردوەو نوسیویەتی "وەزیری سامانە سروشتیەكان بەڕەزامەندی سەرۆكی حكومەت چوار مانگە كوردستانی جێهێشتوە، حكومەتی هەرێمیش ئامادەنییە ڕاستیی داهاتەكان ئاشكرابكات".



AM:10:05:16/01/2018