"بەربەست لەبەردەم كردنەوەی فرۆكەخانەكان نەماوە"

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەشاری بەغداد لەگەڵ قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق كۆبووەوە و وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە "بەربەست لەبەردەم كردنەوەی فرۆكەخانەكان نەماوە".

لەكۆبونەوەكەدا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ستایشی ھەوڵەكانی وەزیری ناوخۆی كرد بۆ گێرانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ قەزای دوزخورماتو و ڕایگەیاند "ھەوڵەكانتان جۆرێك لەدڵنیایی بۆ خەڵكی قەزاكە دروستكردوە و لەنزیكەوە لەگەڵ كەسایەتیەكانی قەزاكە لەپەیوەندیدام و پێیان ڕاگەیاندوم كە سەرقاڵی ڕێكخستنی ناوی ئاوارەكانن بۆ گێڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، ھەر لەم تەوەرەدا بڕیاردرا دیدار و كۆبونەوەكانی نێوانیان تاچارەسەری كێشەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوامبێت".

لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا ئارام شێخ محمەد ڕۆشنایی خستە سەرگرنگی پەلەكردن لەكردنەوەی فرۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی و تەئكیدی كرد درێژە كێشانی داخستنی فرۆكەخانەكان بارگرانیەكی زۆری بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دروستكردوە و بەگرنگی دەزانین تەواوی ھەوڵەكانتان بخەنەگەڕ، لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە "كردنەوەی فرۆكەخانەكان ھیچ كێشەیەكی لەبەردەمدانەماوەو ئەمڕۆ لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەو پرسە تاتوێدەكرێت و ئومێد دەكەین بەمزوانە ئەو كێشە چارەسەربكرێت".

ھەر لەكۆبونەوەكەدا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەكێشەی فەرمانگەكانی سەربەوەزارەتی ناوخۆ كرد لەھەرێمی كوردستان كە دیارترینیان دواكەوتنی موچەكانیانە، لەبەرامبەردا وەزیری ناوخۆ وتی: فەرمانی كردوە بەخەرجكردنی موچەكانیان و بەدواداچونی زیاتریش بۆ كێشەكانیان دەكات، تەئكیدیشی كرد ئەو لیژنە ھونەرییانەی لەنێوان ھەرێم و بەغدا پێكھێنراوە ھەوڵی چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان دەدات.

تەقینەوەكانی ئەم دواییەی شاری بەغدا یەكێكی دیكە بوو لە تەوەری گفتوگۆكانی نێوان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری ناوخۆو تیایدا وەزیری ناوخۆ پلان و ھەنگاوەكانی وەزراەتەكەی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی كردەوە تیرۆرستیەكان خستەڕو، لەبەرامبەردا ئارام شێخ محمەد وێڕای دەستخۆشی، ھیوای سەركەوتنی بۆ خواستن لەپاراستنی ئەمن و ئاسایشی ھاوڵاتیان.



AM:11:53:16/01/2018