موراد قەرەیڵان لەبەرامبەر هێرشی تورکیا بۆسەر عفرین هەڕەشە دەکات

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتیی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەڕەشە لە تورکیا دەکات لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر شاری عفرین.

میدیاكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە زاری (موراد قەرەیلان) ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتیی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بڵاوی كردەوە، کە دەڵێت "پێوسیتە گەلەكەمان بەباشی ئەوە بزانن، كە توركیا ئەو هێزەی نییە بچێتە ناو عەفرینەوە، سوپای تورك نۆ مانگ نەیتوانی دەست بە سەر نسێبیندا بگرێت، هەموو سەربازەكانی لە دژی نسێبین شەڕیان كرد، پاشان یان شێت بوون یان نەخۆش كەوتن، ژمارەیەكی زۆریشیان ڕایانكرد، نەیانتوانی بچنە ناو جزیرە، نسێبین و سوورەوە، تەنیا ئەو كاتە چونە ناو ئەو شارانەوە كە زانییان چەك و تەقەمەنی لە ناو شاردا كۆتایی هاتووە، ماوەی سێ مانگ لە باب هاتن و چون، ئایا توانیان باب بگرن؟، لە كۆتاییدا بە ڕێككەوتن لەگەڵ ڕوسیا و چەتەكانی داعش چوونە ناو بابەوە، ئێمەوە ئەو ٣٥ ساڵە لەگەڵ ئەو حكومەتە شەڕدەكەین، حكومەتی تورك دەنگە دەنگی زۆرە، بەڵام لە شەڕدا هیچ نییە، حكومەتی تورك ناتوانێت بچێتە ناو عەفرینەوە".

ئەو بەرپرسە باڵایەی پەكەكە وتوشیەتی"یەپەژە، یەپەگە و قەسەدە لە ڕۆژئاوا تەنیا بۆ خۆیان شەڕیان نەكردووە، بەڵكو بۆ هەموو مرۆڤایەتی شەڕیان كردووە، پایتەختی داعشیان لە چنگیان دەرهێنا، ئەمریكا خۆی توركیا، سوریا و ئێرانی وروژاند".

موراد قەرەیلان ئاماژەی بەوش داوە،بۆچی ڕوسیا بۆ چەندەمنین جار دانیشتنەكانی سۆچی بەدوا دەخات؟ چونكە كورد بەشداری ئەو دانیشتنانە نابێت و ڕوسیاش باش دەزانێت كورد لە سوریادا خاوەنی هێز و ڕاستییە.

هاوكات وتوشیەتی"توركیا نایەوێت كورد لەو دانیشتنانەدا بەشداربێت، لە ڕوانگەی توركیاوە كورد هەموویان تیرۆریستن، پێویستە هەموو جیهان ئەوە بزانن، كە پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ چارەسەربوونی دۆزی كورد چارەسەرنابێت، پێویستە جیهان لەوە تێبگات و توركیاش لەوە تێبگەیەنێت، بەڵام ئەو كارە ناكەن، بۆچی؟، چونكە لە توركیا دەترسن، نەك لە بەر ئەوەی توركیا بەهێزە، چونكە ئەگەر ئەوە بە توركیا بڵێن جیدی ناتوانن سوود لە توركیا وەربگرن، پێویستە جیهان ڕێگری بكات لە دڕندەیی و فاشیزمی توركیا، دەغدەغەی ئێمە وەك پەكەكە ئەوەیە، پێویستمان بەوە نییە كە پشت بە وڵاتانی دیكە ببەستین، ئێمە تەنیا پشت بە خۆمان دەبەستین و تەنیا دۆستی خۆمانین، دۆستی ئێمە چیایە، تەنیا بەو شێوەیە دەتوانین ببینە خاوەنی هێز و ئیرادە".

بەرپرسەكی پەكەكە جەختی لەوە كردتەوە، هێرش بۆ سەر عەفرین هێرشێكە بۆ سەر هەموو گەلی كورد، بەرخۆدانی عەفرینیش هاوشێوەی بەرخۆدانی كۆبانێیە، لە عەفرین كوردی ئێزدی، عەلەوی و هەموو كەم نەتەوە كوردەكان دەژین، لە چاوی عەفرینەوە دەتوانین هەموو كوردستان ببینین.

هەر لە درێژە لێدوانەكەیدا قەرەیلان وتویەتی"لە ئەگەری هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین، پەكەكە ناوەستێت كە سەیری بكات، ئێمە گەریلاكانی بەرگری لە كوردستانین و تاقە پێوەرمان بەرگریی لە كوردستانە، ئەگەر هێرشێك بكرێتە سەر دەستەوتەكانی گەلی كورد، پشتیگریی دەكەین و بەرخۆدان دەكەین".

ناوبراو داواش لە گەلی كورد دەكات، ئامادەبن بۆ بەرگری لە عەفرین ووتویەتی"لە كاتی هێرش بۆ سەر كۆبانێ دا ڕێبەر ئاپۆ بانگەوزیی سەفەربەریی كردبوو، ئەو بانگەوازییەی ڕێبەر ئاپۆ ئێستا بۆ عەفرین بەرقەرارە".



PM:04:56:20/01/2018