وتەبێژی یەکێتی: كێشەی سەرەكیی یەكێتی خۆخۆری جەماعەتێكی نێو یەكێتین

وتەبێژی یەکێتی لە پەیامێكدا كە بۆ مام جەلالی نووسیوە، دەنوسێت "كێشەی سەرەكیی یەكێتی، خۆخۆری جەماعەتێكی نێو یەكێتیین، كێشەكانیان پەیوەندی بە كوردستان و عێراقەوە نییە".


سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی فەرمی یەكێتی پۆستێكی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردووەتەوە، تیایدا وێنەی ئەم پەیامەی داناوە كە رۆژی 15ی ئەم مانگە بۆ مام جەلال سكرتێری گشتیی كۆچكردووی یەكێتی نووسیوە.

سەعدی پیرە لە سەرەتای نامەكەدا نووسیویەتی "سڵاو مامەگیان"، باسی دۆخی ئێستەی نێو یەكێتی كردووە و تیایدا نووسیویەتی "بە قۆناخێكی سەختدا تێدەپەڕین، یەكێتییەكەمان لە هەموو لایەك پەلامار دەدرێ، هەموومان لە بێ مام جەلالیا بووین بە جەماعەتێكی خۆخۆر، كێشەكانمان هێزە كوردستانی و عێراقیەكان نییە، حكوومەتی عێراق و دراوسێكان نییە، بەڵكو خۆمان كێشەی خۆمانین، خەریكین بەڵكو بتوانین ئەوەی بكرێ رزگاری بكەین، هێزمان بدێ، پێویستمان پێتە".

سەعدی پیرە پەیامەكەی لەسەر گۆڕی مام جەلال نووسیوە و تیایدا هاتووە "من كە ئەمڕۆ لە هەولێرەوە هاتم، پاش كۆبوونەوەی ماڵی كاك كۆسرەت، بیرم كردی، وا هاتم بۆ خزمەتت، بەرامبەر وێنەكەت وەستام، هەمان تێڕوانین، بەڵام بەبێ قسە تێگەیشتم تۆش نیگەرانی لە بارودۆخی ئێستای یەكێتی، مامەگیان ئومێد دەكەم چارەسەری بكەین. رۆحت شاد".



PM:07:10:20/01/2018