مەسعود بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی لەبارەی دۆخی عەفرینەوە بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت، "بەپێی هەموو ئەزموونەكانی ناوچەكە، بە شەڕ و توندوتیژی قەیران و كێشەكان قووڵتر و فراوانتر دەبن".

ئەمڕۆ دووشەممە 22ی كانونی دووەمی 2018 لەبارەی هێرش و پەلامارەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بە هێرش و بۆردومانەكانی سوپای توركیا و چەند لایەنێكی تر بۆ سەر شاری عەفرین و گیان لەدەستدان و بە قوربانی بوونی خەڵكی سڤیلی ئەو شارە زۆر نیگەرانین.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هیوادارین بە زووترین كات ئەو پەلامارانە راوەستن و گیانی هاووڵاتیان پارێزراو بێت و چیتر لەوە زیاتر تەشەنە نەكات و كارەسات و دەرئەنجامی خەراپی لێ نەكەوێتەوە. بەپێی هەموو ئەزموونەكانی ناوچەكە، بە شەڕ و توندوتیژی قەیران و كێشەكان قووڵتر و فراوانتر دەبن. باشترین ڕێگە ئەوەیە بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەری قەیران و كێشەكانی ناوچەكە بكرێت.
                           



PM:02:24:22/01/2018