هەسەدە: ٣٠٨ چەکدار لە سوپای تورکیا و گروپەکانى تر کوژراون

هەسەدە ئاماری شەهید و بریندارانى شەڕەکانى عەفرینى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا ٤٣ شەڕڤانیان شەهیدبوون و لە بەرامبەردا ٣٠٨ چەکداری هێرشبەر لە سوپای تورکیا و گروپەکانى تر کوژراون.


هێزەکانى سوریای دیموکرات "هەسەدە" ئەمڕۆ هەینى بەیاننامەیەکى لەسەر شەڕ و پێکدادانەکانى چەند ڕۆژی ڕابردووی عەفرین بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، لە ماوەى حەوت ڕۆژى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر عەفرین لەسەرجەم بەرەکان  زیاتر لە ٦٩٩ گولـلە هاوەن ئاراستەى هێزەکانیان کراوە و  ١٩١ هێرشی ئاسمانى لە دژیان ئەنجامدراوە  و ١٣٦ شەڕو پێکدادان ڕویداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە شەڕەکاندا ، ٣٠٨ چەکداری هێرشبەر لە سوپای تورکیا و گروپەکانى تر کوژراون  کە دوانیان ئەفسەرى پلەبەرزبوون .

ئەوەشی تیادا هاتووە، لە  ئەنجامى بۆردومانەکان تا ئێستا ٥٩ هاوڵاتی مەدەنیش شەهیدبوون و زیاتر لە ١٣٤ هاوڵاتیش برینداربوون و لە هێزەکانى هەسەدەش تا ئێستا ٤٣ شەڕڤانیان  شەهیدبوون و  کە ٨ شەڕڤانیان ئافرەتن.

ئەوەش هاتووە ،  لە شەڕەکاندا بڕێکى زۆر چەک و تەقەمەنى دەستیبەسەردا گیراوە و ٤ ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری دوپشک  و ٤  زرێپۆشی گوێزەرەوەى سەرباز و  ٣ تانکى گەورە و  هەمەرێک تێکشێندراون.

رۆژی شەممە 20ی كانوونی دووەمی 2018، سوپای توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چلی زەیتون" هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و ژمارەیەك هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کوژراون و برینداربوون.



PM:03:33:26/01/2018