" یەکێتی لەسەر شەش ناو رێکناکەون بۆ دەستە نوێ لەبری مەکتەبی سیاسی"

سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا ئیستا چارەسەری هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێی لە بری مەکتەبی سیاسی پێناکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" دوای ئەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رێککەوتن لەسەر ئەوەی دە ئەندام بۆ دەستەیەکی نوێ لەبری مەکتەبی سیاسی پێشوو هەڵبژێرن، بەلآم نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک و وەک چارەسەرێک ژمارەکەیان کەم کردەوە بۆ شەش ئەندام و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی، بەلآم تا ئێستا لەسەر ئەو ژمارەیەش رێکنەکەوتوون".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد کە سەرکردایەتی یەکێتی و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی لەبەر رۆشنای نوێنەرایەتیکردنی شارە جیاجیاکانی هەرێم کە رێکخراوەکانی یەکێتی تێدایە، سەرەتا رێککەوتوون کە دە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرێت لە بری مەکتەبی سیاسی و نوێنەرایەتی هەموو ناوچە جیاجیاکانی تێدابێت، بەلآم لەبەر کێبەرکێی ئەندامانی سەرکردایەتی نەگەیشتوونەتە هیچ چارەسەرێک.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ژمارەکە کەمکراوەتەوە بۆ شەش ئەندام تا بتوانن لەسەر ئەو ژمارە کەمە رێکبکەون، بەلآم سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد هێشتا لەسەر ئەو ژمارەیەش رێکنەکەوتوون.

هەرچەندە لەدوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی کە لە ٤ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ لە سلێمانی سازکرا، بەزۆرینەی دەنگی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیار درا کۆتایی بە کارەکانی مەکتەبی سیاسی پێشوو بهێنرێت و دەسەتەیەکی نوێ بۆ مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرێت، بەلآم تا ئێستا سەرکردایەتی یەکێتی نەیتوانیووە بەسەر ئەو کێشەیەدا زاڵ بێت و تا بەستنی کۆنگرە کە مانگی ئازارە لەسەر دەستەیەکی نوێ رێکبکەون.  



PM:11:16:29/01/2018