کورد بۆ زیادکردنی پشکی هەرێم لە بودجە پەنا بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەبات

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە فشارمان خستووەتە سەر عەبادی تا پشکی بودجەی هەرێم لە پڕۆژە بودجەی ٢٠١٨ی عێراق زیاد بکات.

ئەحمەد حاجی ڕەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ سپی میدیای ڕاگەیاند "لەماوەی ڕابردوودا لە عەمان لە پایتەختی ئەردەن لەگەڵ کریستیان جۆز جێگری سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ستافەکەیدا دانیشتین، لەو کۆبوونەوەیەدا ناوبراو پێی ڕاگەیاندنین کە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق عەبادیان وتووە دە ترلیۆن دینار دابنرێت بۆ پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٨".

هەروەها وتیشی بەرامبەر ئەوە کورد هەرچی داهاتە سیادییەکانی هەیە  ڕادەستی بەغدای بکاتەوە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید وتیشی ئەگەر بە گوێرەی پڕۆژە یاساکەی بودجە بێت ڕێژەی ١٢.٦یان داناوە بڕی پارەکە شەش ترلیۆن و٦٠٠ ملیار دینار دەکات. بەڵام ئەو پارەیەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوای  لە عەبادی کردووە بیدات، سێ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دیناری لەو بڕە زیاترە.

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ ئاشکراشی کرد کە ئێستا پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، فشارەکانمان چڕکردووەتەوە بەو ئاڕاستەیەی بڕیارەکەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە عەبادی جێبەجێ بکەن.


PM:12:23:03/02/2018