وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەدات، کە وردبینی لەلیستی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی ئەوقاف دەکرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکی دەست "سپی میدیا" کەوتووە و تێدا ھاتووە "ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠١٨/٢/٤ لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبوونی د. دیار جەباری، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی (بەوەکالەت)، سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئەوقاف لە پارێزگاکان، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا".
ڕاگەیانراوەکە، ئەوەشی خستەڕوو، کە سەرەتای کۆبوونەوەکە د. دیار جەباری، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی (بەوەکالەت)، باسی لە خستنەڕووی فۆڕمێکی تایبەت کە لەلایەن حکوومەتی عێڕاقەوە نێردراوە، کە دەبێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەوقافەکان بۆ فەرمانبەرانی پڕ بکرێتەوە و مەبەستی سەرەکیش وردبینییە بۆ فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بۆ ئەو مەبەستەش وێڕای شیکردنەوەی شێواز و چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆرمەکە بۆ فەرمانبەرانی سەر بەوەزارەت بەشێوەیەکی ورد و کاتێکی دیاریکراویش دانرا بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکان و گەڕانەوەی لەکاتێکی زوودا، دوا ڕۆژیش بۆ تەواوکردنی کاروبارەکان ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم ھەفتەیەیە.
ئاماژە بەوەش دراوە، کە بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی (بەوەکالەت)، تیشکی خستووەتە سەر پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەت کە گرنگتریان کردنەوەی پەیمانگای کوردستان بۆ گوتاربێژی و بڕیارەکانی لیژنەی ڕاگەیاندنی ھاوبەشی ئیدارەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی ئەوقاف، ڕاگەیاندنی لۆگۆی تایبەت بە وەزارەتی ئەوقاف کە لە ئایندەیەکی نزیک ڕادەگەیەنرێ ئەمە وێڕای چەند پڕۆژەیەکی تر کە لە ئایندەدا ئەنجام دەدرێت.