سلێمانی: دەست بەسەر بڕێكی زۆر ماستدا دەگیرێت

لەلایەن بازگەی تاسڵوجەوە دەست بەسەر بڕێكی زۆرماستدا دەگیرێت و رەوانەی لیژنەكانی قائیمقامیەت دەكرێت، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیش رایدەگەیەنێت "لە پشكنین دەرنەچووە".

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند "بەهۆی نەبوونی زانیاری سەرچاوەی دروستكردنی ماستەكە لەلایەن ئاسایشی ئابووری لە بازگەی تاسڵوجە دەست بەسەر بڕێكی زۆر ماستدا دەگیرێت كەخاوەنەكەی بەنیاز بووە لە شاری كەركوكەوە هاوردەی سلێمانی بكات".

ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆی نەبوونی زانیاری لەسەر ئەو كارگانەی لە شاری كەركوك ماست بەرهەم دەهێنن، بەرێوەبەرایەتی تەندروستی بەنوسراوی فەرمی ئاگاداری بازگەكانی كردۆتەوە كە رێگری لە هاوردەكردنی بكرێت".

وتیشی "ماستەكە رەوانەی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كراوە كە بڕەكەی زیاتر لە تۆنێك و 500 كیلۆگرامە، پاش ئەوەی لەلایەن بەرێوەبەرایتی تەندروستی سلێمانی پشكنینی بۆكراوە دەركەوتووە شیاوی خواردن و بەكارهێنان نیە".

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆئەوەشكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەناوچەی تانجەرۆ ماستەكە لەناودەبرێت، هەروەها خاوەنەكەشی رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.



PM:01:41:05/02/2018