بڕی ئەو پارەیە ئاشكرادەكرێت كە بەغدا بۆ هەرێمی ناردووە

بەگوێرەی ئامارێكی فەرمانگەی توێژینەوەی پەرلەمانی عێراق، لە بەغداوە لە ماوەی 12 ساڵدا زیاتر لە 89 ترلیۆن دینار ڕەوانەی هەرێم كراوە و لە بەرامبەردا هەرێم نزیكەی 2 ترلیۆن دینار داهاتی ڕادەستی بەغدا كردووە.

بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی توێژینەوەی پەرلەمانی عێراق كە وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتووە "لە نێوان ساڵانی ( 2005- 2016) حكومەتی ناوەندی بڕی  89 ترلیۆن و 130 ملیار و 601 ملیۆن دیناری ناردوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە بەرامبەریشدا هەرێم لە ( 2005- 2016) بڕی 2 ترلیۆن و 270 ملیار و 430 ملیۆن دینار داهاتی ڕادەستی ناوەند كردوە". 

بەگوێرەی ئامارەكە بە لێدەركردنی ئەو ژمارەیە كۆی پارەی بەغدا لای هەرێم 86 ترلیۆن و 857 ملیارو 171 ملیۆن دینارە".

هاوكات لە ئامارەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە "لە ساڵانی (2014-2016)  هەرێم بایی 21 ترلیۆن و 217 ملیارو 520 ملیۆن دینار نەوتی بە سەربەخۆ فرۆشتوە".

ئەوەش خراوەتەڕوو "داهاتی نەوت و داهاتی بەغدای هەرێم لە ( 2005- 2016) گەشتۆتە 108 ترلیۆن و 74 ملیارو 691 ملیۆن دینار".

ئاشكراكردنی ئەم ئامارانە لەكاتێكدایە ماوەی چەند ساڵێكە هەرێم نەوت بە سەربەخۆ دەفرۆشێت و بودجەی هەرێمیش لەلایەن بەغداوە بڕدراوە و لەدوای ڕیفراندۆمیشەوە ناكۆكیەكانی هەولێر و بەغدا تا ئێستا چارەسەر نەكراون.





PM:12:13:06/02/2018