وەزیرە کوردەکە دوایین زانیاری لەبارەی کێشەکانی هەرێم و بەغداوە دەخاتەڕوو

وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، ڕایگەیاند دۆسیەى نەوت بە گەورەترین کێشەى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراقە و لەبارەی مووچەشەوە زانیاری ئاشکرادەکات.


دەرباز محەمەد لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوە دا، کێشەى سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا پەلیهاویشتووە بۆ کێشەى ئابورى و بودجە و موچە، هێشتا لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەو دانوستانە گەرموگوڕە نییە بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوانیان، هۆکارى سەرەکیش ئەوەیە کێشەکان زۆر زۆر ئاڵۆز و قورسن.

وتیشى "بەڵام هیوا هەیە لەماوەی ئەمساڵدا و دوای هەڵبژاردن بگەین بە ئاشتەواییەکى تەواو لەسەر گرفتەکان، ئێستاش لیژنەى تایبەت هەیە لەسەر مەسەلەى خاڵە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان و بەرەو پێشچوونى زۆر باش هەیە، بەڵام لەسەر پرسی موچە گرفتى وردبینى ناوەکانى پەروەردە و تەندروستى هێشتا نەگەیشتووەتە خاڵى کۆتایی".

بە وتەى دەرباز محەمەد، گەورەترین کێشەى نێوان هەرێم و بەغدا دۆسیەى نەوتە کە زۆر ئاڵۆزە، پێناچێت لە ماوەیەکى نزیکدا یان لەمساڵدا بگەنە چارەسەر.



PM:06:24:07/02/2018