لیستی موچەی چەند وەزارەتێک ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات لیستی مووچەی ٤٠٢ ھەزار مووچەخۆر بۆ بەغدا ڕەوانە دەکەن و پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی تیادا نیە.

ھیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بە میدیاکانی پارتی راگەیاندووە "لەم چەند ڕۆژەدا لیستێکی مووچەخۆران دەدرێتە بەغدا و لەسەر داوای لێژنەی وردبینیی مووچە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پێکهێندراوە، لیستی ناوی ٤٠٢ ھەزار مووچەخۆری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەنێرین".

ئەو بەڕێوەبەرە لە ئەنجومەنی وەزیران ئەوەشی ڕوونکردەوە "ئەو لیستەی دەینێرن، ناوی چەند وەزارەت و فەرمانگەیەکی تێدا نییە و ئەو مووچەخۆرانەی کە لەسەر بەغدان، ناویان تێدا نییە، لەگەڵ ناوی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و دامودەزگا ئەمنییەکان".

ھیوا ئەفەندی، ئاشکرایکرد "ئەو لیژنانەی بەغدا توانای وردبینیی لیستەکانی مووچەی کوردستانیان نییە، بۆیە پەنایان بۆ تۆماری بایۆمەتری ھێناوە و ئەوان توانای  وردبینیی زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆری ئێمەیان نییە، بۆیە ئێمە وەزارەت بە وەزارەت لیستەکانمان بۆیان ئامادە کردووە و بۆیانی ڕەوانە دەکەین".

ماوەیەکە چەند لیژنەی حکوومەتی عێراق وردبینی لە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەکەن سەرەتا تەنیا مووچەخۆرانی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە بوو، بەڵام دواتر فراوان کراوە و وەزارەتەکانی دیکەشی گرتەوە.




PM:07:50:10/02/2018