دەست بەسەر بڕێكی زۆر بسكیتدا دەگیرێت

بەهۆی دەستكاریكردنی لەیبڵەكەیەوە، لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێكی زۆر بسكیتدا دەگرن.

دیار جەمال، نوێنەری بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لەلیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت ووتی "بەهۆی دەستكاری لەیبڵ و درێژكردنەوەی ماوەی بەسەرچوونەكەی بەدانانی دوو بەروار بەسەر روپۆشی بسكیتی (واویل) لیژنە هاوبەشەكان دەستیان بەسەر بڕی 32 كارتۆندا گرتووە".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەو خۆراكانەی لەكارگەكان ئامادەدەكرێن و دەپێچرێنەوە، بڕێك ماددەی پاراستن لە تێكچوونیان تێدەكرێت كە مێژووی بەسەرچوونەكەی لەسەر لیبڵەكە دیاریكراوە، دوای ئەو بەروارە ماددەكە خۆی دەبێتە سەرچاوەی زیان بەخش بۆ تەندروستی مرۆڤ و بەتایبەت منداڵ".

هەروەها، بەپێی رێنماییە بازرگانیەكان، جۆری ئەو لەیبڵەی كە زانیاری كاڵاوشمەكەی تێدا تۆماركراوە پێویستە شێوەكەی لێزەری یاخو حەراری بێت و توانای دەستكاریكردن و گۆڕینی نەبێت، بۆیە ئەو كاڵاوشمەكانەی لیبڵەكانیان بەلەزگە لەسەر دانراوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

دیار جەمال ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی تانجەرۆ سەرجەم ئەو بسكیتە دەست بەسەردا گیراوانە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.



PM:12:44:11/02/2018