چوار کەناڵی تەلەفزیۆنی هەرێمی کوردستان داخران

وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم رایدەگەیەنێت "  ئەمشەو بڕیاری راگرتنی پەخشی 45 كەناڵی ناوخۆیی لەهەرێم جێبەجێدەكرێت".

محەمەد گەردی، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم لە لئیدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەو كەناڵانەی كە باج و رسوماتیان نەداوەو مۆڵەتەكانیان نوێ نەكردۆتەوە، دوای چەندین جار ئاگادراكردنەوەیان و مۆڵەتدان پێیان ئەمڕۆ كاتی دیاریكراو تەواو بوەو تائێستا نەهاتون بۆ تازەكردنەوەی مۆڵەتەكانیان بۆیە وەك وەزارەتی رۆشنبیری بڕیاریانداوە ئەمشەو پەخشی ئەو كەناڵە ناوخۆییانە رابگیرێت".

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە”هەتاكو مۆڵەتەكانیان نوێ نەكەنەوەو ئەو باج و رسوماتەی كە لەسەریانە نەیدەن پەخشی كەناڵەكانیان ناكرێتەوە.”

ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئەو بڕیارەی وەزارەت دوای ئەوە هاتوە كە ئەو ماوەیەی درابو بە كەناڵەكان تەواو بوەو هەروەها چەند جارێك ئاگاداركراونەتەوە‌و چەند جارێكیش مۆڵەتەكەیان بۆ درێژكراوەتەوە، بەڵام زۆربەی ئەو كەناڵانە پابەندنەبون بە بڕیارەكەوە، بۆیە وەك وەزارەت ناچار بون بڕیاری راگرتنی پەخشەكانیان جێبەجێ بكەن.

گەردی ئاماژەی بەوەشدا، كە ئەو كەناڵانە بە تەنها كەناڵی ناوخۆیی نین، بەڵكو كەناڵی ئاسمانی و رادیۆشیان تێدایە كە تائێستا مۆڵەتەكانیان نوێ نەكردوەتەوەو باج و رسوماتیان نەداوەو قەرزدارن.

وتوشیەتی”هەر ئەمڕۆ بڕیارەكەمان رادەستی ئەو كۆمپانیایه ‌كردوە كە پەخشەكەیان بۆ دەكات كە ئەمشەو پەخشەكانیان رابگیرێت.”
ئاشكراشیكردوە كە  ئەو كەناڵانە باج و رسوماتی زیاتر لە سێ ساڵ قەرزدارن، بڕی ئەو پارەیەش كە قەرزدارن بەگشتی نزیكەی 3 ملیار دینارە.

وتوشیەتی”ئێمە وەك قۆناغی یەكەم پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان رادەگرین دواتر لە قۆناغی دوەم دەستدەكەین بە گرتنەبەری رێوشوێن بەرامبەر كەناڵە ئاسمانی و رادیۆكانیش.”



PM:11:57:11/02/2018