هەوڵێک لەئارادایە کێشەی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لە بەغدا چارەسەر بکرێت

ئەندامێكی كوردی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دوو هەوڵ لە بارەی چارەسەركردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم لە بەغداوە ئاشكرا دەكات، كە خۆیان لە هاوتاكردنی موچە و گواستنەوەی موچەی بەشێك لە خانەنشینان بۆسەر بەغدا دەبیننەوە.

زانا رۆستایی ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "لەگەڵ رووداوەكان"ی رادیۆ نەوا وتی "لەئێستادا حكومەتی فیدراڵ هاندەدەین لەسەرئەوەی سیاسەتێكی دارایی ناوەندی پەیڕەو بكات، چونكە بەپێی دەستوریش سیاسەتی دارایی ناوەندیە، بۆئەوەی بە جۆرێك بێت جیاوازی لەنێوان موچەی خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ پارێزگاكانی تری عیراقدا نەبێت".

ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئاشكراشیكرد، یاداشتێكیان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كردوە، بۆئەوەی موچەی ئەو فەرمانبەرانەی هەرێم كە پێش راپەڕین خانەنشینكراون، بخرێتەوە سەر بەغدا، چونكە مانگانە پارەیەكیان بۆ خانەنشینی لێبڕاوە و خراوەتەسەر سندوقی خانەنشینی عیراق، بۆیە لەئێستادا ئەركی حكومەتی عیراقە موچەكانیان پێبدات.

زانا رۆستایی دەربارەی ئەنجامی ئەو هەوڵانەش وتی "لیژنەی دارایی پشتگیری یاداشتەكەیان كردوە و تائێستا چاوەڕێی وەڵامی فەرمین، بەڵام چارەسەركردنی كێشەی موچەی ئەو بەشە لە خانەنشینان رەنگە ئاسانتر بێت لەو كەسانەی لە دوای راپەڕینەوە خانەنشینكراون".


PM:11:43:12/02/2018