حکومەتی بەغدا لەسەر ئەو پارەیەی ناردوویەتی بۆ هەولێر هاتە دەنگ

 بانکی ناوەندیی عێراق ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەو ٢٥٠ ملیار دینارەی نێردراوە بۆ ھەولێر، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە.
 
ئەیسەر جەبار، وتەبێژی بانکی ناوەندی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند " ئەو پارەیەی بۆ لقی ھەولێری بانکەکەیان نێرداوە بۆ مووچە نییە، گوتی: ”بەدیاریکراوی ئەو ٢٥٠ ملیار دینارەی نێردراوە بۆ لقی ھەولێری بانکی ناوەندی، بۆ کاروباری دارایی و بانکەکەیە و بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نییە".

 بەرپرسەکەی بانکی ناوەندی عێراق بە ماڵپەڕی باسی راگەیاندووە " ئەو پارەیە بۆ ھەندێک لە کاروبارەکانی بەڕێوەبردنی لقی ھەولێری بانکەکەیانە، پارەکە بۆ کاروبارە داراییەکانی ئەو بانکەیە کە سەر بە بانکی ناوەندییە و ئێمە ھیچ پەیوەندییەکمان بە دابەشکردنی مووچەوە نییە".
پێشووتر چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغداو وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کردبوو، بڕی ٢٥٠ ملیار دینار لە بانکی ناوەندیی بەغدا نێردراوە بۆ لقی بانکی ناوەندی لە ھەولێر، ئەم بانکە پەیوەندیی بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمەوە نییە و کارەکانیان لەژێر بڕیاری بانکی ناوەندیدایە.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێم ئاشکرای کرد، ھیچ بڕە پارەیەکی لە بەغداوە پێنەگەیشتووە بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵکوو لیژنەکانی پێکھاتوو لەنێوان بەغدا و ھەولێر بەردەوامن لە وردبینی لە سەرجەم وەزارەتەکان، جگە لە ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ.
 



AM:09:46:13/02/2018